کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کانوونی نووسەرانی ئێران: سزای لەسێدارەدانەکان دەبێ هەڵوەشێنەوە

11:16 - 24 بەفرانبار 2723

کانوونی نووسەرانی ئێران ڕۆژی شەممە ٢٣ی بەفرانبار، لە بەیاننامەیەکدا داوای هەڵوەشاندنەوەی حوکمەکانی دەزگای بەناو دادوەریی کۆماری ئیسلامی و ئازادکردنی ئەو کەسانەی کرد کە بەهۆی چالاکیی سیاسی یان دەربڕینی بیروڕا بەند کراون.

ئەم ڕێکخراوە وێڕای ئەوەیکە داوای کرد لەسێدارەدانی ڕەزا ڕەسایی، موجاهید کورکور، مۆحسن مەزڵووم، محەممەد فەرامەرزی، پژمان فاتحی، وەفا ئازەربار هەڵبوەشێتەوە، نووسیویەتی: ئەوان زیندانیی سیاسین و نەدەبا دەسبەسەر بکرێن، چونکە مافی ناڕەزایەتی و مافی چالاکیی سیاسی و مافی ئازادیی قسەکردن لە مافە سەرەتاییەکانی هەموو مرۆڤێکە.

کانوونی نووسەرانی ئێران بە ئاماژەدان بە بەرزبوونەوەی ژمارەی لەسێدارەدانەکان دوای ڕاپەڕینی ''ژن ژیان ئازادی'' جەختی لەوە کردەوە کە دەرکردنی حوکمی لەسێدارەدان، شکستە سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، کولتووری و ئیدئۆلۆژییەکانی دەسەڵاتدارانی ڕێژیم نە قەرەبوو دەکاتە و نە دایدەپۆشێت.

ئەو ڕێکخراوە وتوویەتی لەسێدارەدان چیتر پاڵپشتییەکی دڵنیا نییە بۆ مانەوەیان چونکە خزمەت بە ئامانجی بڵاوکردنەوەی تێرۆر لەنێو خەڵکدا ناکات.

لەم بەیاننامەیەدا هاتووە: ژیانی خەڵکی ئێران لەوپەڕی نەهامەتیدایە و ئیتر هیچ شتێک نییە لەدەستی بدەن و لێی بترسن.

هەروەها لەم بەیاننامەیەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە دەبێت کۆتایی بە دەرکردنی حوکمی لەسێدارەدان بهێنرێت و ئەوەش ڕوو نادات تا خەڵک ناڕەزایەتی دەرنەبڕن و دژایەتیی سزای لەسێدارەدان نەکەن.