کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بایدن سەبارەت بە هێرشی ‌حوسییەکان بۆ سەر دەریای سوور پەیامێکی بۆ ڕێژیمی ئێران نارد

11:38 - 24 بەفرانبار 2723

ڕۆژی شەممە ٢٣ی بەفرانبار جۆ بایدن سەرۆککۆماری ئەمریکا لەبارەی هێرشی حوسییەکان بۆ سەر کەشتیوانیی بازرگانی لە دەریای سووردا پەیامێکی تایبەتی بۆ ڕێژیمی ئێران نارد.

بایدن بە هەواڵنێرانی ڕاگەیاند کە ئێمە لەسەر ئەو بابەتە پەیامێکی تایبەتمان بۆ تاران ناردووە بەڵام لەبارەی ناوەڕۆکی پەیامەکە هیچ ڕوونکردنەوەیەکی نەدا تەنیا وتی دڵنیاین لەوەی کە لە ئێستادا ئامادەکاریی باشمان کردووە.

لە گەڵ هاتنەسەرکاری جۆ بایدن لە ساڵی ٢٠٢١ی زایینیدا گرووپی حوسییەکان لە لیستەی گرووپە تێرۆریستییەکانی ئەو وڵاتەدا سڕدرایەوە بەڵام جۆ بایدن لە قسەکانی ئەمجارەیدا حوسییەکانی بە گرووپێکی تێرۆریستی ناو برد.

لە پێوەندی لەگەڵ گرووپی حوسییەکان، باڵیۆزی ڕێژیمی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆ پشتیوانیکردن لەو گرووپە وتی کە هەر وڵاتێک لە هێرش بۆ سەر حوسییەکان بەشداری بکات ئەوە ئامانجێکی ڕەوا بۆ حوسییەکان دیاری دەکات.

گرووپی حوسییەکان سەرەڕای هێرشی ئەمریکا و بریتانیا لە ڕۆژانی ڕابردوودا بۆ سەر بنکەکانیان لە یەمەن و بە ئامانجگرتنی کۆگای چەک و تەقەمەنییەکانیان، لە هەڕەشە و هێرشکردن بۆ سەر کەشتیوانیی بازرگانی لە دەریای سووردا بەردەوامە و ڕۆژی ڕابردوو بە چەندین مووشەکی بالستیکی دژە کەشتی هێرشی کردووەتە سەر ڕەوتی کەشتیوانی لە دەریایی سوور و گەرووی بابولمەندەبدا.