کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرهەنگ، وەکوو ئەوەی هەیە

12:53 - 24 بەفرانبار 2723

سەلام سەدیقی

مەبەستی من ئەوە نیە کە بڵێم بوونی فەرهەنگ باش یان خراپە و لە تەرازووی   هەڵسەنگاندنم نەهاویشتووە، بەڵکوو دەڵێم بوونی هەیە و زوربەی ئەرک و کارەکان لە چوارچێوەی فەرهەنگێکی دیاریکراو دان کە لە ڕوانگەی، دەوڵەتەکان و  ڕێکخراوەکانەوە بەنرخن.

گومانیش لەوەدا نییە کە هەر نەتەوە و دەوڵەتێک و ڕێکخراوێک بۆ بەڕێوەبردنی کار و درێژەدان بە ژیانی سیاسی و فەرهەنگیی خۆیان، پێویستیان بە ئاوڕدانەوەیەکی جیددی و بنەڕەتییە لە گۆرەپانی فەرهەنگ، بەتایبەتی نەتەوەی کورد. چوونکی فەرهەنگ دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی پابەندبوونی ئەندامان بە ڕێکخراوەکان و بەردەوام‌بوونیان لە کار و تێکۆشاندا. ئەوەش بە قازانجی ڕێکخراوەکەیە. بوونی پێڕەویش لەبەرئەوەی دەبێتە هۆی نەهێشتنی دیاردەی ناڕوونی، بۆ فەرمانبەران و ئەندامانی دامەزراوەکە گرینگە. پێڕەو دیاری دەکا کە ئەرکەکانمان چۆن ڕاپەڕێنین و کارە لەپێشینەکان چین؟ نابێ لە لایەنە خراپەکانیشی ئاگادار نەبین کە کاریگەری زۆری لەسەر ڕێکخراوەکە دەبێت .

 ئەگەر بەها هاوبەشەکانی ئەندامانی ڕێکخراوێک پێچەوانەی ئەو بنەمایانە بن کە دەبنە هۆی بەرەوپێشچوونی ئامانجەکانی ڕێکخراوەکە، لە وەها کاتێکدا فەرهەنگ هاوسەنگیی خۆی لەدەست دەدات و لەجێی نەبوانە. ئەو دۆخەش لە کاتێک‌دایە کە ڕێکخراوەکە لە شوێنێکی پڕ کێشەدا بێ. ئەو گۆڕانکارییە زۆرانەی لە ژینگە و شوێنی بوونی ڕێکخراوەکەدا ڕوو دەدەن، لەوانەیە ببنە هۆی ئەوەی فەرهەنگی بەرکار و چەسپاوی ڕێکخراوەکە گونجاو نەبن. کەوابوو هەرکاتێک دامەزراوەیەک لە ژینگە و شوێنێکی سەقامگیر و ئارامدا بوو، بەردەوامبوونی ڕەوتی کار و کردەوەکان وەک سامانێک بۆ ڕێکخراوەکە دەژمێردرێ.

جاری واهەیە ئەوگۆڕانکارییانەی لە دامەزراوەیەکدا ڕوو دەدەن، لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی قەوارەی بەڕێوەبەرایەتی و دەسەڵات، قەوارەیێکی ناکارامە و لاواز بێت. کەواتە کاتێک ڕێکخراو یان هەر دامەزراوەیەک لە کەشێکی ئارام و سەقامگرتوودا بێ، ڕەچاوکردنی پێڕەو و ڕێساکان بە ڕێژەیێکی بەرچاو هەستی پێ دەکرێ. بەڵام بەپێچەوانەوە ئەگەر لە دۆخێکی نائارامدا بێ، ئەوە یاسا و ڕێساکانی ڕێکخراوەکە دەبێتە بارێکی گران بەسەر شانی ئەندامانەوە و ڕێگر دەبێ لە هەر چەشنە کاردانەوەیەک لە ئاست گۆڕانکارییەکاندا .

 

 فەرهەنگ‌سازی و پاراستنی 

هەموو ڕێکخراوێک دەبێ بنەمایەکی پتەو و ئامانجێکی ڕوونی لەپێش بێ بۆ دروستبوونی. کە دروستیش بوو، مادام لەسەر بناخەیەکی قایمە و ئامانجی دیاربێ، هەڵوەشانەوەی ئاسان نابێ. بەڵام ئەوانە چین کە لە دروستبوونی فەرهەنگدا دەوری سەرەکی دەبینن و ئەو هێزانەی پەیڕەوی دەبن، بە چی بەهێز و پارێزراو دەبن؟ لێرەدا دەمەوێ وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەمەوە.

 چۆنیەتیی پەیدابوونی فەرهەنگ 

هەموو ڕێکخراو و دامەزراوەکان، بەگوێرەی کولتوور و داب ونەریتە باوەکانی نێو کۆمەڵگە، شێوازی کارکردنی خۆی دادەڕێژێ و هەروەها پشت بە ئەزموونە سەرکەوتووەکانی ڕابردووی دەبەستێ. ئەوەش ڕووی سەرنجمان پێ دەکاتە بنەما سەرەکییەکانی فەرهەنگی ڕێکخراوەیی یان دامەزرێنەرانی ڕێکخراوەکە .

بنیادنەر یان دامەزرێنەرانی هەموو ڕێکخراوێک ، دەوری سەرەکی لە داڕشتنی پێڕەوی دامەزراوەکە و ئامانجی دروستبوونیدا دەگێڕن. هەر ئەوانیشن کە قەوارە و چۆنیەتی کارکردنی ڕێکخراوەکە دیاری دەکەن .شێوازی کارکردنی ڕابردوویان، نابێتە بەربەست بۆ ئێستایان.

هەموو ڕێکخراوێک لەسەرەتادا لە چوارچێوەی دەستەی بچووک بچووکدا دروست دەبێ و بە زۆری تێبینی و سەرنجی ڕێکخەرەکانی برەوی هەیە و بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانیان هەموو ڕێگایەک دەگرنەبەر. تا بەرەبەرە وای لێ دێت لە ئەنجامی لێک‌تێگەیشتن و پێوەندی بەردەوامدا ئەندامانیش فێر دەبن بە دڵسۆزییەوە لەپێناو گەیشتن بە ئامانجدا تێ‌بکۆشن .

لێرەدا بۆ وێنە دەتوانین باسی پێشەوا قازی محەممەد و کۆماری کوردستان بکەین کە لە زۆر لایەنەوە توانیان کاریگەرییان لەسەر گەلی کورد هەبێ و وای لێ‌بکات کە لە خەبات و تێکۆشان بەردەوام بێ و بۆ گەیشتن بە ئامانج کە ڕزگاریی کوردستانە، لە هیچ فیداکاریێک درێغی نەکا .

 بە زیندوویی هێشتنەوەی فەرهەنگ

دوای ئەوەی فەرهەنگێک لە ڕێکخراوێکدا جێگیر کرا، کار لەسەر ئەوە دەکرێ کە

فەرمانبەرەکان بە ڕەچاوکردنی بنەما دیارەکانی، فەرهەنگەکە بپارێزن و بە زیندوویی بیهێڵنەوە. بۆ وێنە ئەو ڕێکارانەی دەبنە هۆی بەهێزکردنی پێوەندی کۆمەڵایەتی .

بەرنامەی وەرگرتن و دامەزراندن، چاودێری و هەڵسەنگاندن، دیاریکردنی سزا و پاداش، هەبوونی بەرنامەی پەروەردەکردن و بارهێنان و هەروەها بەرزکردنەوەی پلەی فەرمانبەر و ئەندامان بۆ ئەوەیە کە ڕێکخراوەکە دڵنیا بێت لەوەی کە ئەوانەی دایمەزراندوون خۆیان لەگەڵ قەوارەکە بگونجێنن و دەشیانەوێ پشتی ئەو کەسانە بگرن کە لە دامەزراوەکەدا هەوڵی زیاتریان داوە و سزای ئەوانەش بدەن کە دژ یان کەمتەرخەم بوون.

لە مانەوە و پاراستنی نەریتی هەر ڕێکخراوێکدا سێ شت دەور دەبینێ کە بریتین لە: چۆنیەتیی وەرگرتن و دامەزراندن، ئەرک و کاری بەڕێوەبەرایەتیی ڕێکخراو، لە کۆتاییشدا ڕێگاکانی خۆگونجاندنی ئەندامان و کارمەندەکانە لەگەڵ نەریتی ڕێکخراوەکە.

وەرگرتن و دامەزراندن

خاڵی دیار و بەرچاو لە بەشی وەرگرتن و دامەزراندندا ئەوەیە کە دەبێ

کەسانێک وەربگرن خۆشناو و ناسراو بن و لە بەرەوپێش بردن و سەرکەوتن لە ڕاپەڕاندنی کارەکاندا بەتوانا بن و زانیاری و شارەزایی پێویستیان هەبێت. ئەو کەسانەشی کە ئەو هەڵسەنگاندنە بۆ داواکارانی دامەزراندن دەکەن دەبێ زۆر وردبین و بەسەرنج بن و لە هەموو بارێکیشەوە زانیاری تەواو لەسەر ڕێکخراوەکە بدەن بە ئەوانەی داوای دامەزراندن دەکەن. هەروەها ئەوکەسانە بۆخۆشیان دەبێ زانیاری لەسەر ئەو ڕێکخراوەیە پەیدا بکەن و ئەگەر زانیان لەگەڵ ڕوانگە و بیرکردنەوەیان ناتەبایە، دەکرێ واز بێنن و پاشگەز ببنەوە .

ئەو کەسانەی بەشی وەرگرتن و دامەزراندنیان بەدەستە، دەبێ دەورەی ڕاهێنانیان لەوبارەوە دیتبێ بۆ ئەوەی بتوانن بە شارەزاییەوە کەسانی شیاو دیاری بکەن. هەروەها کەموکووڕییەکان دەستنیشان بکەن بۆ ئەوەی چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە .