کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سنە؛ پرۆژەی بینای فەرهەنگی و هونەریی نایسەر لەلایەن بەرپرسانەوە پشتگوێ خراوە

17:00 - 24 بەفرانبار 2723

هەواڵدەریی تەسنیم لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە کە بینای فەرهەنگی و هونەریی گەڕەکی نایسەر لە شاری سنە کە ١٠٠هەزار دانیشتووی هەیە، تاکوو ئێستا پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەک ئاو و کارەبای بۆ دابین نەکراوە.

لەم ڕاپۆرتەدا باس لەوە کراوە کە چەندین جار سەبارەت بەم پرسە ڕاپۆرتی جیاواز بڵاو کراوەتەوە و دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتەکان، بەرپرسانی پێوەندیدار سەردانی شوێنەکەیان کردووە و وادەی چارەسەرکردنی کیشەکەیان بە خەڵک داوە بەڵام، کێشەکەشیان چارەسەر نەکردووە.

بۆ ئاخرین جار، ماوەی ٥ مانگ پێش ئێستا بەرپرسانی شاری سنە و هەروەها بەرپرسانی پێوەندیدار بەو بینایە لە گەڕەکی نایسەر بەڵێنی چارەسەرکردنی یەکجاریی هەموو کێشەکانی ئەو بینایە وەکوو نەبوونی ئاو و کارەبایان داوە، بەڵام تا ئێستا ئەو کێشەیە هەر بەردەوامە.

گەڵاڵەی دروستکردنی ئەم بینایە لە ساڵی ١٣٩٦دا و لەلایەن محەممەدسەعید ئیزەدی، جێگری ئەوکاتی وەزیری ڕێگاوبانەوە ڕاگەیەندرا  کە پاش تێپەڕبوونی ٦ ساڵ هێشتا تەواو نەبووە. بیناکە بە نیوەچڵی بەجێ ماوە و شیرکەتی ئاو و کارەباش لە دابینکردنی پێداویستییەکانی خۆ دەبوێرن.

گەڕەکی نایسەری سنە بەپێی ئامارە نافەرمییەکان زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس حەشیمەتی هەیە کە لە پێداویستیی سەرەتایی ژیان، ژێرخانی فەرهەنگی، تەندروستی، پزیشکی و خزمەتگوزاریی شارەوانی بێبەشن.

دانیشتووانی ئەم گەڕەکە ڕووبەڕووی کەمیی پۆلەکانی خوێندن، خزمەتگوزاری و خۆشبژێوی بوونەتەوە.