"مێژووی ئورارتوو و ماننا" وەک بەشێک لە دیرۆكی کەونارای کوردستان بە شێوازی توێژینەوەی مێژوویی و کەونینەناسی بە کەڵکوەرگرتن لە دەیان سەرچاوە، لەلایەن شاڕۆخ حەسەنزادە، کادری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە چاپ و بڵاو بۆوە.
شاڕۆخ حەسەنزادە لەم پێوەندییەدا بە "کوردستانمیدیا"ی ڕاگەیاند: دوای چەندین ساڵ توێژینەوە و خوێندنەوە، توانیم بەشێک لە مێژووی کەونارا و ڕاستەقینەی کوردستان بە شێوازێکی زانستی و پێوەرەکانی ئاکادیمیک بنووسمەوە. ئەوەی جێگای سەرنجە و گرنگایەتی ئەو بەرهەمە بەلای منەوە زیاتر کردووە، ئەوەیەکە؛ هەتا ئێستا لە کتێبخانەی کوردی بە شێوەیەکی سەربەخۆ و زانستی ئەگە نەڵێم هەر هیچ بەڵام زۆر بە کەمی لەسەر ئەم دوو شارستانییەتە قۆجە و کەونارایە کار کراوە.
ناوبراو لەبارەی بایەخ و گرینگیی ئەو نووسینەی گوتی: گرنگییەکی دیکەی ئەو کارە لەوەدایە، ئێمە کە باس لە مێژووی کەونی کورد دەکەین زیاتر میدیاکان وەک بنەما و بناغەی مێژووی كوردستان و کورد لەبەرچاو دەگرین بەڵام بە خوێندنەوەی ئەو بەرهەمە دەردەکەوێ زۆر پێش لە میدیاکان ئێمە لە جوغرافیای میسۆپۆتامیا و دەوروپشتی زاگرۆس_تۆرۆس خاوەن شارستانییەت و حکومەتی درێژماوە و بەهێز بووین، هەرچەند هەوڵی من لەو لێکۆڵینەوەیەدا ناساندنی ئەو دوو شارستانییەت مەزنە بووە کە کەمتر ئاوڕی لێ دراوەتەوە، بەڵام هەوڵم داوە لە کۆتاییدا بە کەلکوەرگرتن لە دەیان سەرچاوەی جۆراوجۆر باس لە دەستەڵاتە ناسراوەکانی دیکەی ئەو جوغرافیایە بکەم و زیاتر بیانناسێنم.
شاروخ حەسەنزادە جگە لەم توێژینەوە زانستییە، پێشتریش سێ بەرهەمی دیکە بە ناوەکانی "حیماسەی گیلگامێش، کۆنترین بەیتی کوردی"، "کریڤۆ؛ کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان" و "چاکسازی یان شۆڕش" چاپ و بڵاو بوونەتەوە.