کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەیڤید کامێرۆن، سەبارەت بە هەڕەشەکان بۆ سەر ئازادیی کەشتیوانی لە دەریای سووردا هۆشداریی بە حوسییەکان دا

17:06 - 24 بەفرانبار 2723

وەزیری دەرەوەی بریتانیا ڕۆژی شەممە ٢٣ی بەفرانبار، هۆشداریی بە حوسییەکانی یەمەن  دا کە ئەگەر هەڕەشە لە کەشتیوانیی ئازاد لە دەریای سووردا بکەن، لەندەن پێگەکانی ئەو گرووپە لەو وڵاتە دەکاتە ئامانج.

دەیڤید کامێرۆن لە یادداشتێکدا کە لە ڕۆژنامەی "دیلی تێلگراف"دا بڵاو بووتەوە، جەختی لەوە کردووەتەوە کە لەندەن هەمیشە بەرگری لە ئازادیی کەشتیوانی دەکات و زیادی کردووە: ئێمە ئامادە دەبین قسەکانی خۆمان بە کردەوەدا بەجێ بگەیەنین.

وەزیری دەرەوەی بریتانیا لە دەرئەنجامی هێرشەکانی حوسییەکان لە دەریای سوور و گەرووی بابولمەندەب هۆشداریی دا و نووسیویەتی ئەم بابەتە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان لە بریتانیا و جیهاندا.

بریتانیا و ئەمریکا بە پاڵپشتیی ئوسترالیا، بەحرەین، کانادا و هۆلەند، ڕۆژی هەینی ٢٢ی بەفرانبارهێرشیان کردە سەر دەیان پێگەی حوسییەکان لە ناوچە جیاوازەکانی یەمەن.

پێشتریش گرانت شاپس، وەزیری بەرگریی بریتانیا هۆشداریی بە کۆماری ئیسلامی دابوو کە  سەبر و ئارامیی جیهان تەواو دەبێت.

ناوبراو لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی دەیلی تێلێگراف کە ڕۆژی شەممە بڵاو بووەوە وتی: 'پێویستە ئێران داوا لە حوسییەکان و حیزبوڵڵای لوبنان و گرووپە نیابەتییەکانی دیکەی لە عێراق و سووریە بکات دەستبەجێ کارەکانیان ڕابگرن.