کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كۆمەڵگەیەکی زیندوو و دەروەست

00:29 - 25 بەفرانبار 2723

شاڕوخ حەسەن‌زادە

بۆ پێناسەی خەباتی مەدەنی دەبێ بۆ چەمکی "مەدەنییەت" بگەڕێینەوە کە "ئەزقەزا" یەکێک لە کۆڵەکەکانی کۆماری کوردستانیش بووە، مانای مەدەنییەت لە هزری سیاسی-کۆمەڵایەتیدا، پێوەندیی لەتەک چەمک‌گەلی وەک شارستانییەتدا هەیە. کەوابوو ئەم چەمکە تەنیا مانایەکی ئەخلاقیی نییە کە بکرێ دەگەڵ "کردەی ئاکاری" هەڵسەنگێندرێ، بەڵکوو چەمکێکە زاڵ بەسەر سامانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی هەموو کۆمەڵگەیەکدا.

مەدەنییەت شێوازی پێوەندی لەهەمبەر بنەمای جیاوازییەکان و دژایەتییەکانە، کە لە دەسەڵاتە سیاسییە دیکتاتۆر و توتالیتەرەکاندا ڕێزی لێ نەگیراوە. هەر ئەوەش وای کردوە مەدەنییەتی کۆمەڵگەیەکی وریا لەبەرامبەر نامەدەنییەتیی دەستەڵات یان تەنانەت هەندێک کۆمەڵگەی دەستەمۆدا، وەک کردەیەکی ناوازە و ئاوارتە سەیر بکرێ.

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین ڕووداوی ناخ‌هەژێنی سرووشتی و ناسرووشتی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات ڕوویان دا، وەک بوومەلەرزە و سێڵاو لە پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان و ناوچەی کوتوڵی دەڤەری شاری خۆی یان هاتنی شەپۆڵی کۆڕۆنا‌ویرووس کە بە هیمەتی خۆبەخۆی خەڵک و بە هەست بە بەرپرسیارەتی نەتەوەیی هەتا ئاستێکی باش بە سەریاندا زاڵ بوون و ئەو یارمەتییانە لاپەڕەیەکی زێڕین و درەوشاوە مێژوویی لە هەرەوەز و هاوکاری گەیاندنی یەکتر بوو کە هیچ‌کات لەبیر ناکرێ. لە بەرامبەردا هەموو ئەوانە ئەگەر بەڕێوبەرایەتیی قەیرانی وڵات وەک لایەنێکی دەوڵەتی، کە لەژێر کۆمەڵەی وەزارەتی نێوخۆ چالاکە و بەرپرسیارەتی ئامادە بوون و پێشگرتن لە قەیران و هاوکاری گەیاندن بە زیان‌لێکەوتوانی لەسەر شانە، ئەرکەکانی خۆی بە درووستی بەجێ گەیاندبا، ڕەنگ بوو ئێستا هەزاران هاونیشتمانی وەک ئێمەمانان زیندووبان و لە پەنا بنەماڵەکانیان ژیانیان کردبا. لێ مەخابن هەر وەک باقی جومگەکانی دیکەی دەستەڵات کە بە گەندەڵی، ناشارەزایی و کەمترەخەمی گلاون و بەردەوام نەک قەیرانەکان کۆنتڕۆڵ ناکەن، بەڵکوو سەرچاوەی بەشی زۆری قەیران و کێشەکانی نەک هەر کۆمەڵگەی کوردستان و ئێرانن، بەڵکوو زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکە و جیهانیشیان تووشی شەڕ و ماڵوێرانی کردوە.

کۆمەڵگەی کوردستان بەگشتی و بەتایبەتی کۆمەڵگەی مەدەنی کە بریتین لە هەموو ڕێکخراوەکان و چین و تاکی دەروەست و دڵسۆز، لەخۆبوردوویانە وێڕای هەموو ئاستەنگ و ڕەوشی خراپی ئابووریی نیشتمان، لە تەنگانەدا بە هانای خوشک و براکانیانەوە چوون و دەچن کە سەرچڵەپۆپەی ئەو هاوکاری و پشتیوانییە لە ڕاپەڕینی ژینا کە بە درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی" تابووی لەشکان‌نەهاتووی ڕێژیمی کردە بڵقی سەر ئاو، خۆی ڕوونتر لە هەمیشە دەرخست.

لە دوامین ڕووداوی سرووشتی دا، چەند ڕۆژ لەمەوبەر کۆمەڵێک شاخەوانی گرووپی "کانیاو"ی نەغەدە لە چیای "ڕەندۆڵە"ی سەر بە شاری شنۆ وەبەر ڕنوو کەوتن کە هەتا ئیستا دوو شاخەوان ڕزگار کراون و بەداخەوە لە چارەنووسی سێ شاخەوانەکەی دیکە زانیارییەکی ئەوتۆ لەبەر دەستدا نییە. هەر دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئەم ڕووداوە و بانگەوازی ڕێکخراوە مەدەنییەکان بۆ بەهاناوەچوونی شاخەوانان، شەپۆلێک لە هاوسۆزی و هەنگاوی بەکردەوە نران. بە دەیان گرووپی شاخەوانی شارەزا لە شاری شنۆ و تەنانەت شارەکانی دیکەوە، لە کەشوهەوایەکی سارد و بۆراندا کەوتنە گەڕان و شاخ و دۆڵەکانیان پێماڵ کرد. خەڵکیی خەمخۆری ئاواییەکانی زمێ، حەیدەرئاباد و ئاڵکاوێ بە هەرشێوەیەک بۆیان کرا، هەر لە ڕێنوێنیکردنی شاخەوانان هەتا پێڕاگەیشتنیان هاوکاریی تیمەکانی گەڕانیان کرد. چالاکانی میدیایی و رایەڵە کۆمەڵایەتییەکان لە پەیج و تۆڕەکاندا پەیتاپەیتا هەواڵیان بڵاو کردەوە و داوای هاوکاری و بەهاناوەچوونی خەڵکی شارەزایان دەکرد.

لە حاڵێکدا جیا لە گرووپێکی دڵسۆز لەلایەن خاچی سوورەوە کە ئەوانیش هەر لە هێزی خۆبەخش پێکدێن، دەسەڵات و بەتایبەت دامودەزگانی ڕێژیم لە شنۆ و نەغەدە هیچ هەوڵێکیان بۆ بەهاناوەچوونی شاخەوانانی ونبوو نەدا، بەڵام خەڵک لەوپەڕی بێ‌ئیمکاناتی، بەڵام بە ئیرادەیەکی یەکگرتووانەی پۆڵایینەوە، قۆڵی هیمەتیان هەڵماڵی و بۆ دۆزینەوەی کوڕەکانی خۆیان کەوتنەکار. بەتایبەت گرووپە شاخەوانییەکان کە لەو کەش و هەوا سارد و بەستەڵەکەدا دەروەستانە هیمەتیان نواند.

ئەوەی جێگای ڕامان و تێفکرینە و دەکرێ لە بواری کۆمەڵناسی و بە ڕوانگەی دەروونناسانەی کۆمەڵگە سەیر بکرێ، ئەوەیە کە؛ کۆمەڵگەیەک کە دەیان ساڵە لە بواری کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری، فەرهەنگی، زمانی و بە گشتی نەتەوەییەوە دەچەوسێتەوە و بەر بە پێشکەوتنەکانی دەگیرێ؛ چۆن دەتوانێ ئەوا وشیار، زیندوو، دەروەست و لەخۆبوردوو بێ کە بەردەوام دوای هەموو لێ‌قەومان و قەیرانێک بە هانای یەکترەوە دەچن و بە پشتیوانی و هاوکارییان تێچووی قورسی ڕووداوەکان کەمتر دەکەنەوە. ئەگەرچی ڕەنگبێ ئەو ڕەخنەیەش لەو خەڵکە بگیرێ کە، بۆچی دەبێ ئێمە تێچووی ڕووداو و قەیرانەکان بدەین، ئەوە لە حاڵێکدا ئەرکی حکومەتە؟! بەو چالاکییانە هاوکاری ئەو ڕێژیمە دەکرێ کە گیانی خەڵک بەتایبەت تاکی کوردی هەر بۆ گرنگ نییە، بەڵام کورد گوتەنی "تێکوشینی بە هیوای جیران ویشکە"؛ ئەوە خەڵکە دەبێ پشتی یەکتر بگرن و بە پشتیوانی و هاوکاری یەکتر بەسەر قەیرانەکاندا زاڵ بن و لە ئاکامدا بە ژیانێکی بەختەوەرانە بگەن. دیمەنی شارێک بە پیر و لاو و قوتابی و مامۆستاوە لە دوعا و نزا و، ژنێک وەک تاکێکی دڵسۆز، دەروەست و لەخۆبوردوو کە لەو قەیرانە ئابوورییەدا نان و خواردنی دەیان هاونیشتمانی و شاخەوانی ماندوو کە لە ڕەوشێکی ناڵەباری کەش و هەوا لەبەر بەفر و بەستەڵەک و باڕن و کڕیوە خۆبەخشانە سینگی چیا هەڵدەدڕن ئامادە کردوە، یان ئەو لاوانەی تیمی ئافرۆدسوار کە ئەرکی گواستنەوە و گەیاندنیان وەئەستۆی خۆیان گرتوە، ڕەنگبێ بۆ دەستەڵاتە دیکتاتۆرەکان مۆتەکە بێ و هەر لە فیلم و چیڕۆکی ئەفسانەییشدا ببنیدرێن.

 بێهیوابوونی خەڵک لە ڕێژیم لە کاتی لێقەوماندا بەمانای نەبوونی مەشروعیەتی ئەو نیزامە لای خەڵکە و ئەرکی دەستەڵاتیش بەداخەوە تەنیا کوشتنی کۆڵبەر و کاسبکار، گرتن و ئەشکەنجە و سێدارە و شێواندنی بنەماڵەکان و ئاژاوە و ماڵوێران کردنە هەر بۆیە دەرفەتی ئەو کردە خێرانەی نییە.

شەپۆلی بەهاناوەچوونی ئەو کوڕە شاخەوانانە لەلایەن خەڵکی شنۆ و شار و ئاواییەکانی دیکەی دەڤەرەکە لە هەموو شکڵ و شێوازێکی گونجاوی خۆی‌دا، بۆ جارێکی دەریخست کە کۆمەڵگەی کوردستان کۆمەڵگەیەکی زیندوو، لەسەرپێ و ڕێکخراوە کە لە نواندنی ئەم جۆرە ڕەفتارانەدا بە تەواوەتی هەستی بە زەروورەتی یەکێتی و یەکگرتووی خۆی کردوە. ئەم تایبەتمەندییە لە ڕەفتاری کۆمەڵگەی کوردستان کە بە بەستێنەکانی هەموو جموجۆڵێکی فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی، ژینگەپارێزی و سیاسییەوە دیارە، دەریدەخات کە کۆمەڵگەی کوردستان کە خاوەنی پاشخانێکی زیندووی پر لە خەبات و تێکۆشانی جۆراوجۆرە، لە ئاستێکی بەرزی وشیاریی نەتەوەیی و خۆڕێکخستنی کۆمەڵایەتی‌دایە کە بەدەر لە کەمتەرخەمیی دام ودەزگاکانی دەسەڵات، توانای خۆبەڕێوەبەری و خاوەندرارێتی لە خۆی هەیە.