کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپەرچدانەوەی هێرشی مووشەکیی حوسییەکان لەلایەن ئەمریکاوە

11:07 - 25 بەفرانبار 2723

بەرەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی بەفرانبار، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، "سێنتکام" ڕایگەیاند، مووشەکێکی حوسییەکانیان خستووەتە خوارەوە کە لە دەریای سووردا ئاراستەی کەشتییەکی سەربازی ئەمریکایی کراوە.

بەپێی زانیارییەکانی سێنتکام، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی بەفرانبار، ئەم مووشەکە کرووزە دژە کەشتییە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانەوە، ئاراستەی کەشتیی ''یو ئێس ئێس لابۆن'' لە باشووری دەریای سوور کراوە و لەلایەن فڕۆکەیەکی شەڕکەری ئامریکاوە تێک شکاوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، له نێوبردنی ئەم مووشەکە زیانی گیانی و خەساری دیکەی بەدواوە نەبووە.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی هەینی ٢٢ی بەفرانبار، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لانیکەم ٣٠ بنکەی حوسییەکانیان لە ناوچە جیاجیاکانی یەمەن کردە ئامانج و هەروەها ئەرتەشی ئەمریکا بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ٢٣ی بەفرانبار، پێگەیەکی ڕاداری حووسییەکانی لە یەمەن کردە ئامانج.

جێگەی ئاماژەیە، لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا ئەمریکا و چەندین وڵاتی دیکە چەندین جار هۆشدارییان بە حوسییەکان و ڕێژیمی ئێران داوە کە هێرشە بەردەوامەکانی حوسییەکان بۆسەر هێڵی کەشتیوانیی بازرگانی لە دەریای سوور دەرئەنجامی قورسی دەبێت.