کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەڕی نێوان ئێسرائیل و حەماس سەد ڕۆژی تێپەڕاند

11:45 - 25 بەفرانبار 2723

شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە مانگی ڕەزبەری ئەمساڵدا دەستی پێکرد و تا ئەمڕۆ کە سەد ڕۆژی بەسەردا تێدەپەڕێ، بەردەوامە.

لەو شەڕە دا نزیک بە ١٢٠٠ کەسی ئیسرائیلی لە ژن، منداڵ، پیر و لاو کوژران و ٢٠٠ کەسی دیکە بە دیل گیراون، لە لایەکی دیکەشەوە بەپێی ئامارەکان زیاتر لە ٢٣هەزار کەسی فەلەستینی بەتایبەت ژن و منداڵ لەو هێرشانەدا کوژران و زیاتر لە ٢ میلیون کەس لە دانیشتووانی غەززە بە هۆی شەڕەوە ئاوارە بوون.

٤٠ لە سەدی خەڵکی ئیسرائیل لە ئەنجامی ڕاپرسییەکدا لەبارەی بەردەوامیی شەڕ داوای ئاگربەست و دوورخستنەوەی ڕێبەرانی ئەو گرووپە و هەروەها ئازادکردنی دیلەکانی شەڕیان کردووە.

بەڵام بەرپرسانی ئیسرائیلی بەتایبەت بێنیامین نێتانیاهوو لەگەڵ ئەوەدا نییە و بە بەردەوامی هەڕەشەی شەڕ دەکات و دەڵی تا سەرکەوتنی ئیسرائیل بەسەر غەززەدا شەڕ بەردەوام دەبێ.

دوای تێپەڕینی سەد ڕۆژ لەو شەڕە و زیادبوونی ئەگەری تەشەنەسەندنی ئەو شەڕە بۆ تەواوی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ڕێژیمی ئێران لە ڕێگەی هێزە نیابەتییەکانی خۆیەوە وەکوو گرووپی حوسییەکان و حێزبوڵڵای لوبنان ئاگری ئەو شەڕە خۆش دەکات.

کاربەدەستانی ڕێژیم ئێران لەبارەی ئەو شەڕەوە دەڵێن کە کێشەی فەلەستین نە لە ڕێگەی دیالۆگ و دانوستان و نە لە ڕێگەی شەڕەوە چارەسەر دەبێ، بەڵکوو بە قسەی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران لە ڕێگەی بەرخۆدانەوە چارەسەر دەبێت.

لە پێوەندی لەگەڵ دەستێوەردانەکانی ڕێژیم ئێران لەوە شەڕەدا و هەروەها هێرشی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان کە دەریایی سووردا کە ڕێژیمی ئێران پشتیوانییان لێ دەکات، ئەمریکا و بریتانیا بە فەرمی چەندین جار هۆشدارییان بەو ڕێژیمە داوە.