کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانیی ڕێژیمی ئێران و کۆرەی باکوور لە هێرشەکانی ڕووسیە بۆ سەر ئوکراین

11:50 - 25 بەفرانبار 2723

ڕۆژنامەی فاینەنشاڵ تایمز لە ڕاپۆرتێکی ورددا و بەپێی دوایین ئامارەکان، پێداچوونەوەی بە گرینگیی هاوکارییەکانی تاران و پیۆنگ یانگ لە بواری چەکوچۆڵ بۆ ڕووسیە کردووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە هاوکارییەکانی ڕێژیمی ئێران و کۆرەی باکوور لە بواری چەکوچۆڵدا بە ڕووسیە، یارمەتیدەری پووتین بووە تاکوو لە هێرش بۆ سەر خاکی ئوکراین بەردەوام بێت.

لەم ڕاپۆرتەدا باس لە زۆربەی ئەو هێرشە گەورانەی ڕووسیە بۆ سەر ئوکراین کراوە کە بە مووشەک و درۆنی ئێرانی و کۆرەیی ئەنجام دراوە.

ڕووسیە لە ماوەی ١٥ ڕۆژی دەسپێکی ساڵی نوێی زایینیدا، سێ هێرشی گەورەی کردووەتە سەر ئوکراین کە لەم هێرشانەدا سەدان درۆن و مووشەکی ئاراستەی خاکی ئوکراین کردووە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە کۆرەی باکوور زۆر پێویستی بە پارەیە و ئەگەری هەیە کە ١٠٠ مووشەکی "کەی ئێن ٢٣" بە ڕووسیە بفرۆشێت.

هەروەها هاتووە کە کۆشکی سپی ئاگادارە کە ڕووسیە لەگەڵ ئێران لە وتووێژدایە تاکوو مووشەکی بالێستیک لە تاران بکڕێت.

لەم پێوەندییەدا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە گواستنەوەی مووشەکی بالێستیک لەلایەن کۆرەی باکوورەوە بۆ ڕووسیە پشتیوانییە لە شەڕی دوژمنکارانەی ڕوسییە، کە ئازارەکانی خەڵکی ئۆکراین زیاد دەکات.

لانیکەم ٤٨ وڵاتی جیهان و ئەمریکا حەفتەی ڕابردوو لە بەیاننامەیەکی تونددا، ناردنی مووشەکی بالێستیک بۆ ڕووسیە و کەڵکوەرگرتنی مۆسکۆ لەم مووشەکانە بە دژی خەڵکی ئوکراینیان، سەرکۆنە کرد.