کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم جارێکی تر پشتیوانیی خۆی لە حەماسی دووپات کردەوە

12:19 - 25 بەفرانبار 2723

سەرۆککۆماری ئێران ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی بەفرانبار لە کۆنفڕانسێکدا پشتیوانیی ڕێژیم لە گرووپی حەماسی دووپات کردەوە.

ئیبراهیم ڕەئیسی لەو کۆنفڕانسەدا کە بۆ پشتیوانیکردن لە هێرشە تێرۆریستییەکەی ١٥ی ڕەزبەری چەکدارانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، لە تاران بەڕێوەچوو وتی: تاکە چارەسەر بۆ کێشەی فەلەستین، بەرخۆدانە و سیاسەتی کۆماری ئیسلامی پشتیوانیکردن لە فەلەستین و گرووپە فەلەستینییەکانە.

ڕەئیسی سەرکۆنەی پێوەندی و ئاشتیی هەندێک لە وڵاتانی عەرەبیی لەگەڵ ئیسرائیل کرد و وتی: ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل بە هیچ شێوەیەک ئاسایشی بۆ وڵاتانی ناوچەکە و بۆ ئیسرائیلیش تێدا نییە.

ئیبراهیم ڕەئیسی لە درێژەی ئەم قسانەیدا وتی: پاش هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و شەڕی غەززە، چیتر کەس ناوێرێت باس لە ئاساییکردنەوەی پێوەندیی لەگەڵ ئیسرائیل بکات.

ڕەئیسی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ڕێککەوتنی ڕێکخراوی ئازادیی فەلەستینی لەگەڵ ئیسرائیل بە بێسوود زانی و لە کۆتاییشدا ئەمریکای بە هۆی پشتیوانیکردن لە ئیسرائیل بە ناوەندی هەموو شەڕاژۆییەکان لە جیهان ناو برد.

جێی ئاماژەیە کە پشتیوانیکردنی ڕێژیمی ئێران لە شەڕی حەماس و ئیسرایل لەکاتێکدایە کە، چەکدارانی حەماس لە ڕۆژی ١٥ی ڕەزبەر هێرشیان کردە سەر ناوچە سنوورییەکانی ئیسرائیل و لە ئاکامدا ١٢٠٠ کەس لە خەڵکی مرۆییان کوشت و زیاتر لە ٢٢٠ کەسیشیان بە بارمتە گرت کە زۆربەیان ژن و منداڵ و بەساڵاچوو بوون.