کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژێک دوای هۆشداریی بریتانیا، ئەمیرعەبدوڵڵاهیان لەگەڵ وتەبێژی حوسییەکان دیداری کرد

10:33 - 12 بەفرانبار 2723

ڕۆژێک دوای ئەوەیکە وەزیری دەرەوەی بریتانیا داوای لە وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد کە هێرشەکانی حوسییەکان لە دەریای سوور ڕابگرێت، حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان لەگەڵ وتەبێژی حوسییەکانی یەمەن لە تاران کۆ بووەوە.

هەواڵدەریی ''ئیسنا''ی سەر بە کۆماری ئیسلامی لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، لە دیدارێکدا لەگەڵ محەممەد عەبدولسەلام وتەبێژ و بەرپرسی هەیئەتی وتووێژی حوسییەکانی یەمەن، سپاسی هەڵوێستی بەهێزی حوسییەکانی لە پشتیوانی لە فەلەستینییەکان کرد و ئەوانیش دەستخۆشیان لە پشتیوانییەکانی ڕێژیمی ئێران کرد.

ئەو لەحاڵێکدایە کە دەیوید کامێرۆن، وەزیری دەرەوەی بریتانیا ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی بەفرانبار، لە پێوەندیییەکی تەلەفونیدا بە وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێرانی ڕاگەیاندبوو کە ئێران دەبێ بۆ ڕاگرتنی هێرشی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییەکان لە دەریای سوور هەنگاو بنێت.

هەروەها دەیوید کامێرۆن، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکس نووسیبووی، بە لەبەرچاوگرتنی پشتیوانیی درێژخایەنی کۆماری ئیسلامی لە حوسییەکان، بەرپرسایەتیی ڕێگریکردن لەم هێرشانە  لەسەر ئێرانە.

حوسییەکان لە نزیکەی مانگ و نیوێک لەمەوبەرەوە دەیان هێرشی مووشەکی و درۆنیان کردووەتە سەر ئەو کەشتییانەی کە بە دەریای سووردا تێدەپەڕن و لەو بارەوە ئەمریکا، بریتانیا و ئیسرائیل چەندین جار هۆشدارییان بە تاران داوە کە دەست لە پشتیوانیکردن لە حوسییەکان و پێشێلکردنی پرەنسیپی کەشتیوانیی ئازاد هەڵ بگرێت.