کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی لانیکەم ١٤ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە ئێران

12:22 - 25 بەفرانبار 2723

لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕزایەتییەکانی توێژە جیاجیاکان لە ئێران، ڕۆژی ڕابردوو ١٤ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە شارەکانی کوردستان و ئێران بەڕێوە چوو.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی هێرانا، ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ بەفرانبار، بنەماڵەی چوار بەندکراوی سیاسی کە لەلایەن دادگای ڕێژیمەوە سزای لەسێدارەدرانیان بەسەردا سەپێندراوە، لە بەردەم بەندیخانەی ئێڤین کۆ بوونەوە و داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو سزایەیان کرد.

هاوکات، چەندین بنەماڵەی کەمئەندامان لەبەردەم بیناکانی ڕێکخراوی بەرنامە و بوودجە لە تاران و ئیدارەی بێهزیستی لە شاری چابەهار بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی کۆ بوونەوە.

کۆمەڵێک لە خانەنشینکراوانی پیشەسازیی پۆڵا لە بەردەم نووسینگەکانی سندووقی خانەنشینی پۆڵا لە شارەکانی ئیسفەهان، قائێم شار و تاران، هەروەها کۆمەڵێک لە خانەنشینکراوانی ئیدارەی دابینکردنی کۆمەڵایەتی لە بەردەم بیناکانی ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتی لە ئەهواز، پارێزگاری شووش و کرماشان کۆ بوونەوە و داوای چارەسەرکردنی کێشەکانیان کرد.

لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا، کۆمەڵێک لە کارمەندانی کۆمپانیای نەوتی فەلاتی ئێران و کۆمەڵێک لە کارمەندانی فەرمیی کۆمپانیای نەوت و گازی ئاغاجاری لە شوێنی کارەکەیان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و خوازیاری جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان بوون.

ناڕەزایەتی و مانگرتنی چین و توێژەکان لە ئێران هەروا بەردەوامە و لە نێویاندا خانەنشینکراوانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی، موخابرات و مامۆستایان و کرێکاران حەفتانە ناڕەزایەتی بەڕێوە دەبەن.