کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری ڕێژیم لە نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە هێرشەکان بۆ سەر حوسییەکان کاردانەوەی نیشان دا

16:08 - 25 بەفرانبار 2723

دوای ئەوەی ڕێژیمی ئێران هێرشی ئەمریکا و بریتانیای بۆ سەر حوسییەکان مەحکووم کرد، ئەمیرسەعید ئیروانی، نوێنەری هەمیشەیی ڕێژیمی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمریکا و بریتانیای بەوە تۆمەتبار کرد کە شەڕیان لە دژی خەڵکی یەمەن ڕاگەیاندووە.

ئیروانی ڕایگەیاند، هێرشەکانی واشنگتۆن پێشێلکارییەکی ڕوونی سەروەریی یەمەن و یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەیمانەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە کە لە کۆتاییدا دەگاتە ڕاگەیاندنی شەڕ لە دژی یەمەن.

نابراو ئاماژەی بە درێژەی شەڕی ئیسرائیل لە غەززە لە ٧ی ئۆکتۆبەرەوە کرد و ئەم هێرشانەی بە نیشانەی سەرکەوتنی ئیسرائیل بۆ ڕاکێشانی ئەمریکا بۆ شەڕێکی ڕاستەوخۆ و بڵاوکردنەوەی گرژی لە ناوچەکانی دیکەش زانی.

ئەوە لەکاتێکدایە کە مایک جانسۆن، سەرۆکی کۆماریخوازەکان لە مەجلیسی نوێنەراندا ڕایگەیاند، ئەو کارەی ئەمریکا و بریتانیا پێویست بوو پێشتر ئەنجام درابایە و باسی لەوە کرد کە ئەوە ئاماژە بۆ گۆڕانکاریی ڕاستەقینە لە ڕێبازی دەوڵەتی بایدن بە مەبەستی ڕووبەڕوبوونەوە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران و گرووپە نییابەتییەکانییەتی.

بڕیارەکەی جۆ بایدن بۆ هێرشکردنە سەر حوسییەکان کە لەلایان کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پشتیوانییان لێ دەکرێت، لەلایەن چەند سیناتۆرێکی دیکەی کۆماریخوازەکانەوە پێشوازیی لێ کرا.