کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم لە شانۆی هەڵبژاردنەکاندا پرسی حیجاب ڕەچاو ناکا

16:10 - 25 بەفرانبار 2723

گەڵاڵەی حیجاب و عیفاف یەکێک لەو گەڵاڵانەی ڕێژیمی ئێرانە کە بۆ سەپاندی حیجابی زۆرەملێ لە کۆمەڵگەی ئێراندا ل لایەن ناوەندەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە چەندین مانگە مشتومڕی لەسەرە و هێشتا بە تەواوەتی لەلایەن شۆڕای نیگابانی ئەوە ڕێژیمەوە پەسەند نەکراوە.

ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ڕێژیمی ئێران وتوویەتی کە پاراستنی حیجاب ئەرکێکی یاساییە و دەبێ لە ڕێگەی یاساوە بەرەنگاری بێ حیجابی ببینەوە.

پرسی حیجاب و پەسەندنەبوونی کۆتایی گەڵاڵەی حیجاب و عیفاف لە ئێستادا بووەتە ئاستەنگێکی گەورە بۆ ڕێژیم. لای خەڵک ئەو پرسیارە دروست بووە کە بەرپرسانی ڕێژیم کە ئیدعای بەرەنگاربوونەوەی یاسایی لەگەڵ بێحیجابی دەکەن، لە پرۆسەی دەنگداندا چۆن لەگەڵ بێحیجابی مامەڵە دەکەن و ئایا دەنگی کەسانی بێحیجاب هەژمار دەکەن یا نە؟

لەو پێوەندییەدا هادی تەحان نەزیف وتەبێژی شۆرای نیگابان لەبارەی بەشداریکردنی کەسانی بێحیجاب لە دەنگداندا، وتی کە نابێ ماف و دەنگی هیچ کەسێک لە دەنگدانا بفەوتێ و هەژمار نەکرێ، و هەژمارنەکردنی دەنگی کەسانی بێحیجاب لە هیچ یاساییەکدا نەبووە.

قسەکانی ئەم بەرپرسەی ڕێژیم لەکاتێکدایە کە لە ماوەی زیاتر لە یەک ساڵی ڕابردوودا، خودی ڕێژیم سەبارەت بە پرسی حیجاب بە شێوازی جۆراوجۆر ڕووبەڕووی خەڵک بووەتەوە و قورسترین سزاکانی بەسەر ئەو کەسانەدا سەپاندووە کە حیجابی دڵخوازی ڕێژیمیان ڕەچاو نەکردووە.

بەرپرسانی ڕێژیم لەو کاتانەدا کە دەزانن بڕیار و گەڵاڵە بێ بنەماکانیان بە زیانی خۆیانە لە هەمبەریان نەرمی دەنوێنن و باس لە یاسا و پرەنسیپی گشتی دەکەن.

لە یەکەمین خولی بەربژێربوونی حەسەن ڕۆحانی بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری، یەکێک لە ڕێگاکانی ڕێژیم بۆ پڕوپاگەندە و ڕاکێشانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان، کەڵکوەرگرتن لە کچان و ژنانی سەر بە ڕێژیم بە بێ حیجابی ئیسلامی بوو.

لە ڕۆژی ١١ی مانگی ڕەشەممەی ئەمساڵدا بڕیارە کە شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیمی ئێران بەڕێوە بچێ، کاربەدەستانی ڕێژیم بە ڕوونی دەزانن کە ڕێژەی بەشداریکردنی خەڵک لە شانۆی هەڵبژاردندا زۆر کەم دەبێت و بەپێی ڕاپرسییەک کە پێشتر ئەنجام درابوو ڕێژەی بەشداریی خەڵک لەم دەنگدانەدا کەمتر لە ٣٠ لەسەد دەبێ.