کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بریتانیا سەبارەت بە هێرشی حووسییەکان هۆشداری بە ئێران دەدات

10:59 - 11 بەفرانبار 2723

دەیوید کامێرۆن وەزیری دەرەوەی بریتانیا، لە وتووێژێکی تەلەفۆنیدا بە حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێرانی ڕاگەیاند کە کۆماری ئیسلامی بە هۆی پشتیوانیکردن لە حوسییەکانی یەمەن دەبێت پێش بە هێرشەکانی ئەم گرووپە بۆ سەر کەشتییە بارهەڵگرەکان لە دەریای سووردا بگرێت.

دەیوید کامێرۆن حەوتووی ڕابردوو لە وتووێژێک لەگەڵ ڕۆژنامەی "ساندەی تێلێگراف" باسی لە ڕۆڵ و کاریگەریی وێرانکەری ڕێژیمی ئێران لە ناوچە و جیهاندا کردبوو.

کامێرۆن لەم وتووێژەدا بە ئاماژەدان بە پشتیوانیی ڕێژیم لە میلیشیا شیعەکان لە ناوچەکەدا وتی: دەبێت بە شێوەی ڕاشکاوانە بە کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕابگەیەندرێت کە چیتر هێرشەکانی ئەم میلیشیایانە قەبووڵ ناکرێت.

کامێرۆن لە کۆتاییشدا جەختی کردبووەوە کە دەوڵەتی بریتانیا بۆ پێشگرتن لەم کردەوانەی ڕێژیمی ئێران، هاوکاریی خۆی لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان بەهێزتر دەکات.

جێی ئاماژەیە کە چەند کاتژمێر پاش هۆشدارییەکەی کامێرۆن بە ڕێژیم، هێزیی دەریایی ئەمریکا سێ کەشتیی شەڕکەری حوسییەکانی یەمەنی لە دەریای سوور کردە ئامانج و لەنێوی بردن.

پێشتریش ئەمریکا ڕایگەیاندبوو کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی لە هێرشی مووشەکی و درۆنیی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییە بارهەڵگرەکان، دەستی هەیە.