کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاردانەوەکان سەبارەت بە هێرشی سپای پاسداران بۆ سەر هەرێمی کوردستان

11:34 - 26 بەفرانبار 2723

شەوی دووشەممە ٢٥ی بەفرانبار، سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بە چەندین مووشەک و درۆن چەند شوێنی لە شاری هەولێری پێتەختی هەرێمی کوردستان کردە ئامانج، کە کارادنەوەیەکی بەرفراوانی لە ئاستی نێوخۆی عێراق و دنیای دەرەوەدا لێ کەوەتەوە.

لە ئاکامی ئەو هێرشەدا کە سپای پاسداران بە فەرمی وەئەستۆی گرتووە، چوار هاووڵاتیی مەدەنی کوژران و شەش کەسی دیکەش بریندار بوون.

مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، داوای لە حکوومەتی فیدراڵی کرد هەڵوێستی توندیان بەرامبەر بەم پێشێلکارییەی دەکرێتە سەر سەروەریی عێراق و بەتایبەتی هەرێمی کوردستان هەبێت و هەروەها داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد لەسەر ئەو ستەمکارییەی بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان دەکرێت بێنە دەنگ.

دوابەدوای ئەو هێرشە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق بەتوندی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر هەولێری سەرکۆنە کرد و ڕایگەیاند ژمارەیەک خەڵکی بێتاوان بوونەتە قوربانی بەو هۆیەشەوە لە ئەنجومەنی ئاسایش سکاڵا تۆمار دەکات.

لەو پێوەندییەدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەڵوێستی خۆی بەرامبەر هێرشە مووشەکییەی سپای پاسداران بۆ سەر هەولێر ڕاگەیاند و پشتگیریی بۆ هەوڵەکانی هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵی دووپات کردەوە.

هەروەها باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق هێرشە مووشەکییەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانی بۆ سەر هەولێر مەحکووم کرد و ڕایگەیاند، ئەو هێرشە دوژمنکارییانە پێشێلکردنی سەروەریی عێراق و ئاسایشی هەرێمی کوردستانە.

جێگەی ئاماژەیە سپای پاسداران لەبارەی ئەو هێرشەوە ڕایگەیاندبوو، ناوەندێکی سیخوڕیکردن و کۆکردنەوەی زانیاریـیان لە دژی ئێران لە نزیک هەولێری کردووەتە ئامانج؛ بەڵام ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئەو تۆمەتەی ڕەت کردەوە.