کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کابینەی ئیسرائیل ١٥ میلیارد دۆلاری وەکوو بوودجەی تایبەت بۆ شەڕی ‌غەززە دیاری کرد

11:41 - 26 بەفرانبار 2723

ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی بەفرانبار نووسینگەی سەرۆکوەزیران و وەزارەتی دارایی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە کابینەی ئەو وڵاتە لە پێشنووسی بوودجەی ساڵی ٢٠٢٤ی دەوڵەتەکەیدا گۆڕانکاریی نوێ کردووە.

کابینەی دەوڵەتی ئیسرائیل لە بوودجەی ئەمساڵدا  ١٥ میلیارد دۆلاری بۆ شەڕی غەزە و کاروباری بەرگەری ئەو وڵاتە تایبەت تەرخان کردووە؛ دوای پەسەندکرانی ئەو بوودجەیە، بوودجەی ساڵانەی ئیسرائیل بەگشتی بوو بە ١٥٧ میلیارد دۆلار.

وەزیری دارایی ئیسرائیل دوای پەسەندکرانی ئەو بوودجەیە وتی کە ئێمە لە بەر ئەوەی کە سەربازانمان و بنەماڵەکانیان بزانن ئیسرائیل پشتیوانییان لێ دەکات ئەو گۆڕانکارییەمان کردووە.

ئیسرائیل ساڵی ڕابردوو بوودجەی ساڵی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ی دیاری کردبوو، بەڵام بە هۆی شەڕی غەززە و زۆربوونی تێچووی ئەو شەڕە، جارێکی دیکە بەرنامەی بوودجەی خۆی داڕشتەوە و بوودجەی بەشی سەربازیی وڵاتەکەی زۆر کرد.