کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان خوازیاری هاوکاریی زیاتر بۆ خەڵکی غەززەن

11:56 - 26 بەفرانبار 2723

 سێ ڕێکخراوی گەورەی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشدارییان دا کە دانیشتووانی غەززە پێویستیان بە هاوکاریی زیاترە.

ڕۆژی دووشەممە ٢٥ بەفرانبار، سێ ڕێکخراوەی گەورەی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشدارییان دا کە غەززە پێویستی بە یارمەتیی زیاترە و باسیان لەوەش کرد، خەڵک بەرەوڕووی نەخۆشی و برسییەتیی بەربڵاو دەبنەوە.

سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیسێف) خوازیاری ئاگربەستی خێرا و دەستڕاگەیشتن بە یارمەتییە مرۆییەکان بۆ دانیشتوانی غەززە بوو.

سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لەوە کردەوە کە منداڵانی غەززە  و خێزانەکانیان، دوای بڕینی هەموو ڕێگاکانی وەرگرتنی هاوکاری مرۆیی، لەگەڵ نەبوونی خۆراک، ئاو، کارەبا، دەرمان ڕوبەڕوو بوونەتەوە.

هەروەها، سیندی مەکین، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بەرنامەی خۆراکی جیهانی ڕایگەیاند، خەڵکی غەززە لە ماوەی چەند کیلۆمەترێک لە بارهەڵگرەکانی پڕ لە خۆراک مەترسیی برسێتییان لەسەرە و هەر کاتژمێرێک کە لەدەست دەچێت ژیانی چەندین کەس دەخاتە مەترسییەوە.

گرووپی حەماس لەلایەن ئەمریکا و یەکیەتیی ئورووپاوە وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستی ناسێندراوە.

بەپێی ڕاپۆرتە نێوخۆییەکان لە دوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، زیاتر لە ٢٤ هەزار کەس کوژراون.

ئەوە لەکاتێکدایە کە ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە هێزەکانی نزیکەی هەشت هەزار چەکداریان کوشتووە.