میدیاکانی سووریە ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی بەفرانبار، ڕایانگەیاند ئەرتشی ئیسرائیل چەندین بنکەی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە نزیک فڕۆکەخانەی حەلەب لە سووریەی کردە ئامانج.
بەپێی هەواڵەکان، دەنگی تەقینەوە لە نزیک فڕۆکەخانەی ئەم شارە بیستراوە کە ئەو فڕۆکەخانەیە لە ماوەی ڕابردووشدا لەلایەن ئیسرائیلەوە کراوەتە ئامانج.
هاوکات ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست لە زاری میدیاکانی سووریەوە، هەواڵی ڕوودانی چەندین تەقینەوە لە شاری حەلەبی بڵاو کردەوە، کە بە وتەی چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە ئەم تەقینەوانە لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل بووە.
هەتا ئێستا لەسەر زیانە گیانی و ماڵییەکانی ئەو هێرشە زانیارییەکی ورد بڵاو نەکراوەتەوە.
جێگەی ئاماژەیە کە لە هێرشی ئەم دوواییانەی ئیسرائیل بۆ سەر سووریە، سەید ڕەزی موسەوی، یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی سپای پاسداران و لە یاریدەدەرانی قاسم سلێمانی لە سووریە کوژرا.
لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ئەرتەشی ئیسرائیل بە سەدان جار هێرشی کردووەتە سەر گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە سووریە و کۆگاکانی چەکوچۆڵ و تەقەمەنیی گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی لەو وڵاتە کردووەتە ئامانج.
ئیسرائیل دەیان جار ڕایگەیاندووە کە لە ئەگەری بەردەوامیی هەوڵە تێدەرانەکانی کۆماری ئیسلامی دەستەوەستان نابێت و بە هەموو شێوەیەک بەرەنگاری کۆماری ئیسلامی دەبێتەوە.