کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەی حوسییەکانی یەمەن لە کەشتییە ئەمریکاییەکان

12:02 - 26 بەفرانبار 2723

بەرپرسێکی حوسییەکانی یەمەن ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی بەفرانبار ڕایگەیاندووە کە ئەو گرووپە، هێرشەکانی لە دەریای سوور بەربڵاوتر دەکات و ئەمجارە کەشتییە ئەمریکاییەکانیش دەکاتە ئامانج.

نەسرەدین عامر وتەبێژی حوسییەکانی یەمەن لە وتووێژ لەگەڵ کاناڵی ئەلجەزیرە، ئاماژەی دایە هێرشەکانی حەفتەی ڕابڕدووی ئەمریکا و بریتانیا و وتی: لەمەبەدوا کەشتییەکانی ئەمریکا و بریتانیا دەکەینە ئامانج.

عامر لە درێژەدا باسی لەوە کردووە کە ئەمجار پێویست ناکات کەشتییەک بکەنە ئامانج کە ڕەوانەی ئیسرائیل بێت، بەڵکوو هەر بزانن کە کەشتییەکە ئەمریکاییە، دەیکەنە ئامانج.

هێرشی حوسییەکان بۆ سەر ئەو کەشتییە بازرگانییانەی کە لە دەریای سوورەوە تێپەڕ دەبن ڕێگریی لە گەشتی نێودەوڵەتی لە ناوچەکەدا کردووە و کۆمپانییە گەورەکانی ناچار کردووە تاکوو ڕێگەیەکی دوورودرێژتر تێپەڕ بکەن.

هەر ئەمە کاردانەوەی وڵاتانی لێکەوتەوە و لە ڕۆژانی ڕابردوودا ئەمریکا و بریتانیا چەند هێرشێکیان کردە سەر حوسییەکان.

گرووپی حوسییەکانی یەمەن کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانییان لێ دەکرێت، پێشتر ڕایانگەیاندووە کە ئەم هێرشانە بۆ پشتیوانیکردن لە گرووپی حەماس و بە دژی کەشتییە ئیسرائیلییەکان ئەنجام ئەدەن.

 

شایانی باسە کە ڕۆژی دووشەممە کەشتییەکی بارهەڵگر کە خاوەنەکەی ئەمریکایی بووە، لەلایەن حووسییەکانەوە کراوەتە ئامانج بەڵام  زیانێکی کەمی بەرکەوتووە.