کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا و عێراق هێرشە مووشەکییەکان بۆ سەر هەولێریان مەحکووم کرد

12:47 - 26 بەفرانبار 2723

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و عێراق هێرشە مووشەکییەکانی سپای پاسدارانیان بۆ سەر هەرێمی کوردستان سەرکۆنە کرد و بە دەستدرێژی ناویان لێ برد.

مەتیۆ میلێر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هێرشی مووشەکیی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر هەولێری بەتوندی مەحکووم کرد و وتی: ئێمە دژی هێرشە موشەکییەکانی ئێرانین کە سەقامگیریی عێراق لاواز دەکات.

میلێر وێڕای دەربڕینی هاوخەمیی لەگەڵ بنەماڵەی قوربانییان، جەختی کردەوە کە ئەمریکا پشتیوانیی لە هەوڵەکانی حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ بەدیهێنانی خواستەکانی گەلەکەیان دەکات.

هەر لەم پێوەدنییەدا، جۆ پۆچینۆ، وتەبێژی پێشووی سێنتکام سەبارەت بە هێرشەکانی سپای پاسداران بۆ سەر هەرێمی کوردستان رایگەیاند: پێموابێت ئێران لە رێگەی ئەم هێرشانەوە دەیەوێت، بشێویی لە ناوچەکە دروست بکات بەتایبەتی پشێوی لە عێراق دروست بکات. ناوبراو لە بەشێک لە قسەکانیدا وتوویەتی: بەتایبەتی لە باشووری ئێران کە ئامانجی زۆر هەن دەکرێت ئەمریکا هێرشیان بکاتە سەر. لە جیاتی ئەوەی هێرش بکرێتە سەر حوسییەکان، یان حیزبوڵڵای لوبنان و گرووپە چەکدارەکانی عێراق کاتی ئەوە هاتووە پەیامێک بە ئێران بگات.

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش ڕۆژی سێشەممە بە دەرکردنی بەیاننامەیەک هێڕشەکانی سپای پاسدارانی بۆ سەر هەولێری مەحکووم کرد و بە دەستدرێژیی ئێران، ناوی لێ برد.

لەم بەیاننامەدا هاتووە کە دەوڵەتی عێراق هموو ڕێوشوێنێکی یاسایی بە دژی ئەم پێشێلکارییە دەگرێتە بەر.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاندووە کە یەک لەو ڕێوشوێنانە، تۆمارکردنی سکاڵا لەلای شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکانە.

لەلایەکی دیکەوە مەسروور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، سەرکۆنەی هێرشەکانی شەوی ڕابردووی سپای پاسدارانی کرد و نووسی: داوا لە هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان دەکەم کە لە بەرامبەر هێرشی بەردەوام بۆ سەر خەڵکی کوردستان بێدەنگ مەبن.

هەروەها ئومید خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە وتووێژ لەگەڵ کاناڵی میدیایی ڕووداو هێرشەکانی سپای پاسدارانی، بە هێرشێکی تێرۆریستی لە قەڵەم دا.

هەر لەم پێوەندییەدا شۆرای ئەمنییەتی هەرێمی کوردستان خوازیاری کاردانەوەی دەوڵەتی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی لەهەمبەر ئەم هێرشانە بوو.

ئەم شۆرا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە هەولێر بۆ سەر هیچ لایەنێک، شوێنی مەترسیی نەبووە و قسەکانی سپای پاسداران بێبنەمایە.

جێی ئاماژەیە کە پاش هێرشەکانی شەوی ڕابردوو سپای پاسداران لە ڕاگەیەندراوەکەی خۆیدا سەبارەت بەم هێرشانە وتبووی "یەک لە بنکە سەرکییەکانی ئیسرائیل، لە هەرێمی کوردستان، لە وڵامی کوشتنی فەرماندەکانی سپای پاسداران و میلیشیاکانی، کراوەتە ئامانج."