کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و حوسییەکان لە دەریای سوور بەردەوامە

12:50 - 26 بەفرانبار 2723

کەمتر لە ڕۆژێک دوای هاویشتنی مووشەکی کرووز بەرەو کەشتییەکی ئەمریکایی لە دەریای سوور، حوسییەکان کەشتییەکی ئەمریکییان بە مووشەکێک لە نزیک کەناراوەکانی یەمەن کردە ئامانج.

سێنتکام ڕایگەیاند کە میلیشیا حوسییەکان بە پشتیوانیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان لە یەمەن مووشەکێکی دژەکەشتییان ئاراستە کرد و هێرشیان کردە سەر کەشتییەکی ئەمریکا.

بەپێی زانیارییەکان، ئەم مووشەکە لە نزیک شاری بەندەری حەدیدە لە یەمەن کە لەژێر کۆنترۆڵی حوسییەکاندایە، ئاراستە کراوە.

ژووری کەشتیوانیی نێودەوڵەتی ڕایگەیاندووە، ١٢ لەسەدی بازرگانیی جیهان لە ڕێگەی دەریای سوورەوە دەکرێت و ساڵانەش لانیکەم ١٧ هەزار کەشتیی بازرگانی بە دەریای سووردا تێدەپەڕن.

هێرشە بەردەوامەکانی ئەو گرووپە چەکدارەی سەر بە ڕێژیمی ئێران، ژمارەیەک کۆمپانیای بازرگانیی ناچار کردووە رێڕەوەکانیان لە دەریای سوور بگۆڕن و ڕێڕەوی درێژتر بەکار بهێنن، تاکوو خۆیان لەو هێرشانە بپارێزن. تاکوو ئێستا چوار کۆمپانیای بازرگانیی گەورەی دەریایی بەهۆی ئەو هێرشانەوە، کارەکانیان ڕاگرتووە.