کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل خۆی بۆ قۆناغێکی دیکەی شەڕ ئامادە دەکات

10:57 - 12 بەفرانبار 2723

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ''ڕویتێرز''، ئیسرائیل بەمەبەستی دەستپێکردنی عەمەلیاتی ئامانجدارتر دژی حەماس بەشێک لە هێزەکانی لە لێواری غەززە دەکشێنێتەوە و بەشێکیان بۆ ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ حیزبوڵڵای لوبنان ئامادە دەکات.

بەرپرسێکی ئیسرائیلی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت وتوویەتی کە لەنێوبردنی حەماس لە لێواری غەززە هێشتا ئامانجی سەرەکیی ئیسرائیلە، بەڵام جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەشێک لەو هێزەی کە پاشەکشەی پێ دەکا، بۆ ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ حیزبوڵڵای لوبنان ئامادە دەکرێن.

ئەم بەرپرسە ئیسرائیلییە دەڵێت ئێستا کە تانک و هێزە زەمینییەکان زۆربەی خاکی لێواری غەززەیان داگیر کردووە و لە دەست گرووپە نیزامییەکانی فەلەستینیان دەرهێناوە، هێزەکانی ئیسرائیل خۆیان ئامادە دەکەن بۆ ئەوەی بچنە قۆناغی سێیەمی ئەو شەڕە.

بە وتەی ناوبراو قۆناغی سێیەم کە عەمەلیاتی پاکسازیی چڕ دژی تێرۆریستان لەخۆ دەگرێت، لانیکەم ٦ مانگ دەخایەنێت.

بەرپرسانی ئیسرائیلی ڕایانگەیاندووە کە شەڕەکە لە سێ قۆناغدا بەرەو پێش دەبەن، قۆناغی یەکەم هاویشتنی مووشەک بۆ لێواری غەززە بە ئامانجی ڕێگاخۆشکردن بۆ هێزی زەمینی و چۆڵکردنی خەڵکی مەدەنی، قۆناغی دووەمیش هێرش بۆ نێو غەززە بوو کە ٤٠ ڕۆژ لەمەوبەر دەستی پێ کرد.