شەونم هەمزەیی
لە کۆتاییەکانی هاوینی ئەمساڵدا و بەدوای کوشتنی "ژینا ئەمینی" زنجیرە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانێکی بەرین هەموو ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی گرتەوە کە ئەو ناڕەزایەتییانە لە شێوازی جۆراوجۆردا ئێستاش هەر بەردەوامن و بێوێنەترین ناڕەزایەتییەکانن کە لە مێژووی ئەم چلوئەوەندە ساڵەدا بەرەڕووی ڕێژیم بوونەتەوە. شەهیدبوونی ژینا بووە خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی ڕاپەڕینی ئێراندا. ئەگەر لە بزووتنەوەی مەشرووتەوە تا ساڵی ٨٨یش ئێمە شایەدی ناڕەزایەتی، ڕاپەڕین، کوودەتا و شۆڕش لە ئێراندا بووین، بەڵام ئەم ڕاپەڕینەی ژینا جیاوازیی بنەڕەتیی لەگەڵ هەموو ناڕەزایەتییەکانی مێژووی هاوچەرخی ئێران هەبوو. خەڵک وەک پێشتر ناڕەزایەتییەکی بەتەنیا ئابووری یاخود سیاسی نەبوو، بەڵکوو هەموو بوارەکانی سیاسی، ئابووری، کولتووری، کۆمەڵایەتی و … دەگرتەوە. لەم شۆڕشەدا ئێمە چینی بەرفراوانی پەراوێزخراوانی کۆمەڵگە دەبینین کە دەنگیان بەرزتر و دلێرترە لەوانەی لە بوارە جیاوازەکاندا لە چینی سەرەوەی کۆمەڵگەن و، بۆ یەکەم جارە هەموو کەمینەکان بە هاودەنگییەوە دەیانەوێ ڕیشەی هەڵاواردنە فرەڕەهەندەکان هەڵکەنن.
ژنان لە ئێران و بەتایبەتی لە کوردستان بە باشترین شێوەی لەم دەرفەتە و لەم کەشە تێگەیشتوون و بە هێز و وزەیەکی بەرچاوەوە دەرکەوتوون. ژنان لەو بزووتنەوەیەدا ڕۆڵی پێشەنگایەتی دەگێڕن و ئەمەش دیسان خاڵێکی جیاوازە و لە مێژووی هاوچەرخی ئێراندا نموونەی نییە. بۆ یەکەم جارە کە ژن پاشکۆی پیاو نییە و ئەم خەباتەی ژنان لەلایەک ئۆتۆریتەی ڕێژیمی شکاندوە و لەلایەکی تر سامی خەڵک و بە تایبەت ژنانی لە دەسەڵات شکاندوە. هەروەک چۆن دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بووەتە ڕەنگدانەوەی ڕاستیی خەبات و بەرخۆدانی ژنان.
ئەمڕۆ کێ ڕێبەرە؟ هەمووان ڕێبەرن، ئەوەی لە شەقامدایە، ئەوەی خەبات لەدژی نادادپەروەری دەکات، ئەوەی ئایدۆلۆژییەکانیی ڕیژیم دەخاتە ژێر پرسیار، ئەوەی خەبات بۆ پاراستنی کولتوور ناسنامە... هتد دەکات و ڕوو لە دەسەڵات دەوەستێتەوە خۆی ڕێبەرێکە. بە سەدان کەس دەسبەسەر کران، ئیعدام کران، شەهید و بریندار کران، بەڵام ناڕەزایەتی و ڕاپەڕین هەر نەنیشتووەتەوە و بەردەوامە.
شۆڕشی ژینا و خەبات و بەرخۆدانی ژنان کاریگەریی لەسەر تەواوی کوردستان و ئێران دانا، ژن بوو بە سیمبولی خەبات و تێکۆشان و بەرخۆدان. لە ماوەی دەسەڵاتدارییەتیی کۆماری ئیسلامیدا ژنان بەردەوام لە سەر شەقام بوون و لە ڕەهەندە جیاوازەکانی خەبات تێکۆشاون، قوربانییان داوە و دەسکەوتی زۆریشیان بە دەست هێناوە. هەر لە دەسپێکی شۆڕشی ژینا و دوای ساڵێک لە بەردەوامیی ئەو شۆڕشە لەگەڵ ئەوەی بێتێچوو نەبوو، بەڵام شاهیدی گەلێگ دەسکەوتی گرینگ و بە بایەخ بووین کە ڕۆڵ و ئازایەتیی ژنان و بەردەوامییان لە خەبات و تێکۆشان نیشان دەدات.
پارلەمانی ئورووپا خەڵاتی ”ساخارۆف"ی ساڵی ٢٠٢٣ ی زایینی بە ژینا ئەمینی و شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی" بەخشی. ڕۆبرتا مەتسولا، بەرپرسی پارلمانی ئورووپا سەبارەت بە بەخشینی خەڵاتی ساخارۆف بە ژینا ئەمینی گوتی: "قەتڵی دڕندانەی ژینا ئەمینی خاڵی وەرچەرخان بوو" و دواتر گوتی ئێمە لە تەنیشت هەموو ئەو کەسانە دەبین و ڕادەوەستین کە بۆ "یەکسانی و ئازادی" لە ئێراندا خەبات دەکەن. پارلمانی ئورووپا بە شانازییەوە لە تەنیشت خەڵکی دلێر و بوێری ئێران وەستایەوە و بە نیشانەی ڕێزلێنان لە خەبات و تێکۆشانی ژنان، پیاوان و گەنجانی ئێرانی لە بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی" خەڵاتەکەی پێشکەش کرد.
نێرگز محەممەدی، بە هۆی چالاکییەکانی لە بواری مافی مرۆڤ و مافەکانی ژنان و داکۆکیکردنی لە ئازادییەکانی ئەو ژنانەی لە ئێران ستەمیان لێ کراوە، خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بۆ ساڵی ٢٠٢٣ی پێدرا. نێرگس کە ماوەی چەند ساڵە لە بەندیخانەکانی ئێراندایە بە هۆی خەبات و چالاکییە بەردەوامەکانی لە زینداندا لە دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بۆ جارێکی دیکە سزای بەندکرانی زیاتری بەسەردا سەپایەوە.
زارا محەممەدی و موژگان کاووسی دوو لەو ژنە بوێرانەی دیکەن کە لە ڕەهەندێکی دیکەدا و لە مەتەرێزی خەبات بۆ پاراستنی زمان و ناسنامەی نەتەوەیی خەباتیان کردووە و بەردەوام لە لایەن دەسەڵاتەوە دژایەتیی چالاکییەکانیان کراوە و بەو هۆیەوە سزا دراون و بەند کراون، بەڵام ئەم ترساندن و تۆقاندن و زیندانی کردنانە نە تەنیا ناتوانێ ڕاستیی پێویستیی پاراستنی زمان و ناسنامە لە مێشک و دڵی خەڵک و زارا و موژگانەکاندا بسڕێتەوە، بەڵكوو ڕێک کارکردێکی پێچەوانەی دەبێ و نموونەش بۆ ئەم ئیدیعایە وتەکانی زارا بوو لە دوای ڕاگەیاندنی حوکمەکەی کە گوتی: “شانازی دەکەم ۱۰ ساڵی ژیانی خۆم لە خزمەتی خەڵک و زمانی دایکییدا بووم، ئەگەر وتنەوەی زمانی دایکی تاوانە! ئەوە قەبووڵمە و تاوانێکی پیرۆزە و بیری ئازادیم لە زینداندا پتەوتر دەبێت”.
نازیلا مەعرووفییان، ئیلاهە محەممەدی و نیلووفەر حامیدی، کە قوربانیی نەبوونی ئازادیی ڕۆژنامەنووسی لە ئێراندان و نازیلا بە هۆی وتووێژێک لەگەڵ باوکی ژینا ئەمینی لە دوای کوشتنی حکوومەتیی ژینا ئەمینی، ئیلاهە و نیلووفەر بە هۆی بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتی کوشتنی ژینا ئەمینی کەوتنە ژێر ئەشکەنجە و ئازار و بەندکران، بەڵام دوای ئازادبوونیان لە زیندان بۆ دووبارە و بە شێوەیەکی دیکە بە فڕیدانی سەرپۆشەکانیان دژی بنەما ئایدلۆژییەکانی ڕێژیم وەستانەوە و بۆ جارێکی دیکە دەسەڵاتدارانیان وەلەرزە خست و هەوڵی دروستکردنی دۆسییەی زیاتر بۆ سزادانی زیاتریان دەکەن.
ڕۆیا حیشمەتی کە لە ژێر قامچیی دوژمناندا کۆڵی نەدا وتی: بەناوی ژن بەناوی ئازادی، جلی کۆیلەیەتی دڕا، شەوی تاری ئێمە بەسەر دێت، هەموو قامچییەکان دەبن بە تەور. هەروەها دروشمەکانی، شەهیدبوونتان پیرۆز بێت، ڕێگات بەردەوامە. ئێمە دایکانی شۆڕش بە هیچ جۆرێک لە خوێنی ڕۆڵەکانمان ناگوزەرێین. تا دوا هەناسەمان دادخوازی خوێنی بەناحەقڕژاوی ڕۆڵەکانمانین بە دەستی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە. ڕێگای شەهیدەکانمان پڕ ڕێبوار بێت. ناسرەوین، نابەزین، سەردەکەوین"، ئەمانە وتەی دایکانی شەهید و دادخوازن کە لە ڕۆژی شەهیدبوون و ساڵیادی شەهیدبوونی ڕۆڵەکانیان بە هەڵگرتنی دەسماڵی سوور و بە ئازایەتی و بوێریەوە لە ڕووی دوژمن وەستانەوە.
ئەم خەباتە پێناسەی سێ تەوەری گرینگە، تەوەری دژایەتی لەگەڵ هەڵاواردنی ڕەگەزی کە لە وشەی ژندا ڕەنگی داوەتەوە، تەوەری دژایەتی لەگەڵ هەڵاواردنی چینایەتی و ئاستی خۆشگوزەرانیی خەڵک کە لە وشەی ژیاندا بەرچاو دەکەوێ و تەوەری دژایەتی لەگەڵ دیکتاتۆرییەت کەوا لە وشەی ئازادیدایە. کەواتە کۆماری ئیسلامی ڕەواییی نەماوە و نەک وەک دەسەڵاتێکی یاسایی و خەڵکی، بەڵکوو وەک داگیرکەرێکی سەرکوتکەر چاو لێدەکرێ. مادام ڕوانگەی زۆربەی خەڵک بگۆڕێ بۆ ئەم ڕوانگەیە، ئەوە یانی دەسەڵات شکست دێنێ، جا ئەمڕۆ بێ یان کاتێکی تر.