یەکیەتیی زانایانی ئایینی کوردستان، بە دەرکردنی ڕاگەیەندراوێک، هێرشە مووشەکییەکەی شەوی دووشەممە، ٢٥ی بەفرانبار بۆ سەر هەرێمی کوردستانی مەحکووم کرد.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:
شەوی ٢٥ لەسەر ٢٦ی بەفرانباری ١٤٠٢ی هەتاوی، چەند شوێنێکی سڤیل و مەدەنیی لە هەولێری پێتەختی هەرێمی کوردستان لەلایەن سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کرانە ئامانج و مووشەکباران کران. لە ئاکامی ئەم دەستدرێژییەی سپای پاسدارانی تێرۆریست بۆ سەر هەرێمی کوردستان و شوێنی نیشتەجێبوونی نوێنەرایەتی و دیپلۆماتکارانی بیانی و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و بەتایبەت ماڵی یەکێک لە کەسایەتییە سەرمایەدارەکانی باشووری کوردستان، بەداخەوە پێشڕەو دزەیی و چەند کەس لە بنەماڵەکەی شەهید و چەندین کەسی مەدەنیی بێتاوانی دیکە زامدار بوون و زیانێکی زۆری مادی بەر هاووڵاتییانی نزیک لەو شوێنانە کەوتووە.
ئاشکرایە کۆماری شکستخواردووی ئیسلامیی ئێران کە لە هەڵوێستە تێرۆریستییەکانی لە ناوچە و جیهان و نێوخۆدا تووشی شکست و داڕمان بووە، هێرش بۆ سەر خەڵکانی بێ چەک و بێ دیفاعی هەرێمی کوردستان دەکاتە پاساوی ئیقتداری خۆی و شەرمنانە و سەرشۆڕانە منداڵی تەمەن یەک ساڵی کورد دەکاتە قوربانی!
هەر وەک دەزانین شکستی بەرەی موقاومەتی ئێران لە غەززە و یەمەن و لوبنان لە ئاستی هاوپەیمانان و ترس و دڵەڕاوکێ و خۆشاردنەوەی تێرۆریستان لە سەرووی هەمووان خامنەیی خوێنمژ، بۆ داپۆشینی ئەو شکستە شەرمنانە ناتوانێت بە کوشتنی خەڵکی بێتاوانی کورد خۆی لەو ڕاستییە دەرباز بکات، ئیتر کاتی لە نێوچوون و ڕووخانی کۆماری جینایەتکاری ئێران و لقوپۆکانی نزیکە.
جارێکی تر داوا لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی و ئازادیخوازان و هەموو لایەنێکی مرۆڤدۆست دەکەین لە بەرانبەر دەستدرێژیەکان و پێشێلکردنی سەروەریی عێراق و هەرێمی کوردستان هەڵوێست بگرن و چیتر ڕێگە نەدەن ئەو ڕێژیمە دڕندەیە منداڵی کورد بکات بە قوربانی سیاسەتە نگریسەکانی.
سەرکەوێت گەلی کورد
بڕووخێت کۆماری جینایەتکاری ئیسلامیی ئێران
یەکیەتیی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران
٢٦ی بەفرانباری ١٤٠٢ی هەتاوی.