کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا بۆ جارێکی تر حوسییەکان دەخاتە لیستەی تێرۆرەوە

10:48 - 27 بەفرانبار 2723

پاش هێرشی بەردەوامی حوسییەکانی یەمەن بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور، ئەگەری هەیە ئەمریکا بۆ جارێکی تر ئەم گرووپە بخاتە نێو لیستەی گرووپە تێرۆریستییەکانەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی "ئاسۆشێتدپرێس"، چەند بەرپرسێکی ئاگادار لە کۆشکی سپی ڕایانگەیاندووە کە، ئەگەری هەیە دەوڵەتی ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی بەفرانبار ئەم بڕیارە دەرکات.

هەرچەند کە جان کێربی وتەبێژی کۆشکی سپی ڕۆژی سێشەممە سەبارەت بەم بابەتە وتی تا ئێستا دەوڵەت هیچ بڕیارێکی دەرنەکردووە.

ئەم بڕیارە نوێیەی واشینگتۆن لە کاردانەوە بە هێرشە بەردەوامەکانی چەکدارانی حوسیی یەمەن بۆ سەر کەشتیە نێودەوڵەتییەکان، دەردەکرێت.

لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢١ی زایینی و تەنیا چەند ڕۆژ پاش دامەزراندنی دەوڵەتی نوێ لە ئەمریکا، بە فەرمانی جۆ بایدێن، حوسییەکانی یەمەن لە لیستەی گرووپە تێرۆریستییەکان دەرهێنران.

پێشتر و لە کاتی سەرۆککۆماریی دۆناڵد ترامپدا، ئەم گرووپە کە لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامییەوە پشتیوانیی لێ دەکرێت، وەک گرووپێکی تێرۆریستیی ناسێندرابوو.

بایدێن ڕۆژی هەینی ٢٢ی بەفرانباری ئەمساڵ ڕایگەیاندبوو کە ئێستا دەزانێت کە حوسییەکانی یەمەن، گرووپێکی تێرۆریستین.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا ئەمریکا و بریتانیا، بە هاوکاریی چەند وڵاتی ڕۆژاوایی و ڕۆژهەڵاتی و بە مەبەستی ڕێگری لە بەردەوامیی هێرشی حوسییەکان، کۆمەڵە هێرشێکی ئاسمانییان بۆ سەر بنکەکانی حوسییکان لە یەمەن ئەنجام دا، بەڵام پاش ئەو هێرشانەیش حوسییەکان چەند هێرشی دیکەیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان ئەنجام داوە.