کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران بەخێرایی خەریکی پیتاندنی ئۆرانیۆمە

11:17 - 27 بەفرانبار 2723

بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوکی ڕایگەیاند، ئێران هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە بە خێرایی پیتاندنی ئۆرانیۆم دەباتە پێشەوە، درێژە بە دروستکردنی ئاستەنگ لەبەردەم پشکێنەرانی ئاژانسیش دەدات.

ڕافائێل گروسی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بڵاڤۆکی "ناشناڵ" کە ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی بەفرانبار بڵاو کرایەوە، جەختی لەوە کردەوە کە ڕێژیمی ئێران ئەندامی پەیماننامەی قەدەغەکردنی پەرەپێدانی چەکی ناوکییە و دەبێت لە چوارچێوەی ئەم پەیماننامەیەدا پێبەندی بەڵێنییەکانی بێت.

 بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکیی ڕایگەیاند: ئێران تاکە وڵاتی غیرە ناوکییە کە خەریکی پیتاندنی ئۆرانیۆم بەو ئاستە بەرزەیە کە بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ناوکی پێویستە.

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی لە ٥ی بەفرانباری ئەمساڵیشدا ڕایگەیاند کە ڕێژیمی ئێران بە زیادکردنی ڕێژەی پیتاندنی ئۆرانیۆم لە ئاستێکی بەرزدا، لە ئێستادا بەشی پێویستی ئۆرانیۆمی پیتێنراوی ٦٠ لەسەدی هەیە، کە لە ئەگەری پیتاندنی زیاتردا دەتوانێت ٣ بۆمبی ناوکی دروست بکات.

هەروەها گروسی وتوویەتی: وێنەی گشتیی بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران دەری دەخات کە ئەم بەرنامەیە بەخێرایی بەرەوپێش دەچێت. ئێمە دژی نین، بەڵام دەڵێین دەستپێڕاگەیشتن بە پشکێنەرانی ئاژانس دەبێت لەگەڵ ئەو جۆرە چالاکییانە هاوتەریب بێت.