کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاکستان هێرشی ئێران بۆ سەر خاکی ئەم وڵاتەی پشتڕاست کردەوە

11:20 - 27 بەفرانبار 2723

پاکستان پشتڕاستی کردەوە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هێرشی کردووەتە سەر خاکی وڵاتەکەی و ئەو هێرشەی بە پێشێلکردنی ئاسمانیی وڵاتەکەی ناو برد.

ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی بەفرانبار، میدیاکانی سەر بە سپای پاسداران ڕایانگەیاند کە کۆماری ئیسلامی لە هێرشێکدا بە مووشەک و دڕۆن پێگەکانی گرووپی جەیشولعەدلی لە پاکستانی کردووەتە ئامانج.

بەپێی ڕاپۆرتەکان ئەو هێرشە چەند کاتژمێرێک دوای هێرشی سپای پاسداران بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجام دراوە.

حکوومەتی پاکستان لە بەیاننامە نوێیەکەیدا بەتوندی هێرشەکەی ڕێژیمی ئێرانی مەحکووم کرد و ڕایگەیاند کە دوو منداڵی بێتاوان لەم هێرشەدا کوژراون و سێ کچیش بریندار بوون.

لەم بەیاننامەیەدا پاکستان ڕایگەیاندووە کە پێشێلکردنی سەروەری وڵاتەکەی دەتوانێت دەرئەنجامی جیدیی هەبێت.

پاکستان ڕایگەیاند کە ئاکامی پێشێلکردنی سەروەریی پاکستان لەلایەن ئێرانەوە زیان بە متمانەی دوولایەنە دەگەیەنێت.

پاکستان ڕایگەیاند کە ناڕەزایەتیی خۆی بۆ وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەربڕیوە و هەروەها ڕاوێژکاری کاروباری ئێران لە پاکستانی بانگ کردووە.