لە ماوەی یەک حەفتەی ڕابردوودا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی کەمئەندامان لە چەند شاری کوردستان و ئێران بەڕێوەچوو.
لە ڕۆژی دووشەممە ١٨ی بەفرانبار تاکوو یەکشەممە ٢٤ی بەفرانبار لە شارەکانی کرماشان، شووش، ساری، کرمان، چابەهار، تاران، مەشهەد و قوم، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لەلایەن کەمئەندامانەوە بەڕێوەچوو.
سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە لە چەند کۆبوونەوەیەکدا هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بەتوندی بەرەوڕووی کەمئەندامان بوونەتەوە و بە وشەی نەشیاو و سووکایەتی پێکردن بە خۆپیشاندەران، ڕێگرییان لە کۆبوونەوەکان کردووە.
هەروەها باس لەوە کراوە کە یەک کەس لە کەمئەندامان لەلایەن پۆلیسەوە دەستی بریندار کراوە.
کێشەی سەرەکیی خۆپیشاندەران، بەڕێوەنەچوونی ماددەی ٢٧ی یاسای پاراستنی کەمئەندامانە. بەپێی یاساکە، ڕێژیم دەبێت بە کەمترین کرێی ساڵانەی وەزارەتی کار، خانەنشینی بۆ کەمئەندامان دابین بکات.