کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چڕتربوونەوەی گرژییەکانی نێوان هێزەکانی ئەمریکا و حوسییەکانی یەمەن

11:46 - 27 بەفرانبار 2723

ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمریکا و حوسییەکانی یەمەن بەردەوامە و پاش ئەوەی کە ئەمریکا چوار مووشەکی دژە کەشتیی حوسییەکانیانی کردە ئامانج، حوسییەکانیش رایانگەیاند کە هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییەکی ئەمریکا.

دوو بەرپرسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە ٢٦ بەفرانبار، ڕایانگەیاندووە کە ئەرتەشی ئەو وڵاتە هێرشێکی نوێی لە یەمەن دەست پێ کردووە و چوار مووشەکی بالستیکیی دژەکەشتیی لەو ناوچەیەی کە لەلایەن حوسییەکانەوە کۆنترۆڵکراوە کردووەتە ئامانج.

لەلایەکی دیکەوە حوسییەکان بە پشتیوانیی ڕێژیمی ئێران لە یەمەن ڕایانگەیاند کە ڕۆژی سێشەممە هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییەکی دیکە لە دەریای سوور.

عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی بەفرانبار، لە دیدارێکدا لەگەڵ پیشنوێژەکانی هەینی، پشتیوانی و پێزانینی خۆ بۆ حوسییەکانی یەمەن ڕاگەیاند و بە ئاماژەدان بەوەی کە ئەوان بەڕاستی کارێکی گەورەیان کردووە، وتی کارەکانیان نموونەی جیهادە بەناوی خوداوە و هیوادارین ئەم هەوڵانە تا سەرکەوتن بەردەوام بن.

ئەوە لەکاتێکدایە کە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا ئەمریکا و چەندین وڵاتی دیکە چەندین جار هۆشدارییان بە حوسییەکان و ڕێژیمی ئێران داوە کە هێرشە بەردەوامەکانی حوسییەکان بۆسەر هێڵی کەشتیوانیی بازرگانی لە دەریای سوور دەرئەنجامی قورسی دەبێت.