کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕێژیم لەمەڕ بەشدارینەکردنی خەڵک لە هەڵبژاردنەکان ترسیان لێ نیشتووە

11:44 - 12 بەفرانبار 2723

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، لەمەڕ بەشدارینەکردنی خەڵک لە شانۆی هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵ، ترسیان لێ نیشتووە و بە شێوازی جۆراوجۆر لە هەوڵدان، خەڵک ڕاکێشی سەر سندووقەکانی دەنگدان بکەن.

نوێنەری مەجلیسی خۆبرگانی ڕێژیم لە سنە، سەبارەت بە بەشدارینەکردنی خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵی ڕێژیم، وتوویەتی: دوژمن و میدیا دژبەرەکان، لە هەوڵدان بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردنەکان بەتایبەت لە کوردستان، کەمڕەنگ نیشان بدەن.

فایەق ڕۆستەمی، نوێنەری مەجلیسی خۆبرگانی ڕێژیم لە سنە، لەوپەڕی چەواشەکاریدا باسی لەوە کردووە کە دوژمنانی ڕێژیم، لە بەشداریی خەڵک لە شانۆی هەڵبژاردنەکان دەترسێن بۆیە هەوڵ دەدەن لە ڕێگای میدیاکان و دنیای مەجازییەوە، پرسی هەڵبژرادنەکان، کەمڕەنگ نیشان بدەن.

هەر لەم پێوەندییەدا، بەرپرسی نوێنەرایەتیی وەلی فەقیهـ لە سپای بەیتولموقەدەسی سنەش، باسی لەوە کردووە کە دەبێ لە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵدا دوژمنی خۆمان باشتر بناسین و زیاتر لە دۆخی هەڵبژاردنەکان تێبگەین.

تەها تەوەکولی لە قسەکانیدا وتوویەتی: لە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵدا، پێش لەوەی کە بمانەوێ دەنگ بە کەسێک بدەین، دەنگ بە کۆماری ئیسلامی بدەین.

هەر لەم پێوەندییەدا، لە ماوەی ڕابردووشدا، خودی خامنەیی وەکوو ڕێبەری ڕێژیم داوای لە خەڵک کرد کە خۆیان بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن و دەنگدانێکی بەشکۆ ئامادە بکەن.

وتەکانی ئەم کاربەدەستانەی ڕێژیم لەحاڵێکدایە کە خەڵک لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، بە شێوازی جیاواز، تەواویەتی ڕێژیمیان بردە ژێر پرسیارەوە و چاوەڕوان دەکرێت کە بەشداری لە هەڵبژاردنەکان زۆر کەم بێت.

کاربەدەستانی ڕێژیم، کوردستان وەکوو سەنگەرێکی قایم دژ بە خۆیان دەبینن و لە هەوڵدان بە چەواشەکاری خەڵک ببەنە سەر سندووقەکانی دەنگدان.