دوای ئەوەی کە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران هێرشی مووشەکیی کردە سەر هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی بەفرانبار ڕایگەیاند کە باڵیۆزی خۆی لە تاران بۆ ڕاوێژکردن بانگهێشت کردووەتەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراقدا هاتووە: "ناسر عەبدولمۆحسێن باڵیۆزی ئەم وڵاتەی بۆ ڕاوێژکردن سەبارەت بە هێرشەکانی ئەم دواییەی ئێران بۆ سەر هەولێری پێتەختی هەرێمی کوردستان، کە تێیدا ژمارەیەک کەس کوژران و بریندار بوون، بانگهێشت کردووەتەوە.
عێراق ڕۆژی سێشەممە، وەک ناڕەزایەتی بەرامبەر بەو هێرشانە بۆ سەر کوردستان باڵیۆزی ڕێژیمی ئێرانی لە بەغدا بانگ کرد.
بەپێی بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، عێراق وێڕای مەحکوومکردنی دەستدرێژیی ڕێژیمی ئێرانی بۆ سەر هەولێر، هەموو ڕێوشوێنە یاساییەکان، لەوانە تۆمارکردنی سکاڵا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەگرێتە بەر.
شەوی دووشەممە ٢٥ی بەفرانبار، سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بە چەندین مووشەک و درۆن چەند شوێنی لە شاری هەولێری پێتەختی هەرێمی کوردستان کردە ئامانج کە لە ئاکامی ئەو هێرشەدا چوار هاووڵاتیی مەدەنی کوژران و شەش کەسی دیکەش بریندار بوون.