کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاکستان باڵیۆزی ئێرانی بانگهێشت کرد

12:05 - 27 بەفرانبار 2723

پاش هێرشی موشەکی و درۆنیی ڕۆژی ڕابردووی سپای پاسداران بۆ سەر بنکەکانی گرووپی "جەیشولعەدل" لە پاکستان، ئیسلام ئاباد کارداری ڕێژیمی ئیسلامیی بانگهێشت کرد.

وەزارەتی دەرەوەی پاکستان ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی بەفرانبار ڕایگەیاند پێشێلکردنی  سنووری ئاسمانیی پاکستان لەلایەن ئێرانەوە و هێرش بۆ نێو خاکی پاکستان، بەتوندی مەحکووم دەکات.

دەوڵەتی پاکستان ناڕەزایەتیی خۆی بەم هێرشە لە ڕێگەی باڵوێزی خۆیەوە لە ئێران، بە وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ڕاگەیاندووە.

ڕۆژی سێشەممە سپای پاسداران ڕایگەیاند کە هێرشێکی مووشەکییان بۆ سەر بنکەکانی گرووپی جەیشولعەدل لە نێو خاکی پاکستان ئەنجام داوە.

بەپێی ڕاپۆرتی "حاڵ‌وەش" مووشەکەکانی سپای پاسداران بەر ناوچەیەک لەسەر سنووری ئێران و پاکستان کەوتووە.

گرووپی جەیشولعەدل لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند کە مووشەکەکان بەر ماڵی چەند ئەندامێکی ئەو گرووپە کەوتوون.

لەم ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: هێرشەکانی سپای پاسداران بە ٦ درۆن و چەند مووشەک بۆ سەر ماڵ و منداڵی ئەندامانی ئەو گرووپە ئەنجام درا کە لە ئاکامدا بنەماڵەی دوو ئەندامی جەیشولعەدل گیانیان لەدەست دا.