کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمپانیای ئەیرباس گرێبەستی فرۆشتنی فڕۆکە بە ئێران ئەیری هەڵوەشاندەوە

12:35 - 27 بەفرانبار 2723

کۆمپانیای فڕۆکەوانیی ئەیرباس، یەکلایەنە گرێبەستی گەیاندنی ١٠٠ فڕۆکەی بە کۆمپانیای فڕۆکەوانیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران ئێران ئەیر، هەڵوەشاندەوە.

ڕۆژی سێشەممە ٢٦ بەفرانبار، حیسام قوربان عەلی، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییە گشتییەکانی کۆمپانیای فڕۆکەوانیی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند، ئەو گرێبەستەی کە کۆمپانیای ئەیرباس هاوکات لەگەڵ کشانەوەی ئەمریکا لە بەرجام هەڵیپەساردبوو، ئێستا بەفەرمی هەڵوەشاوەتەوە.

سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی ئەم گرێبەستە لەلایەن کۆمپانیای ئەیرباسەوە، حیسام قوربان عەلی ڕایگەیاندووە کە گرێبەستی نێوان ئێران ئەیر و ئەیرباس بۆ هاوردەکردنی ١٠٠ فڕۆکە لە دوای بەرجام واژۆ کرا، بەڵام هیچ پارەیەکی بۆ نەدرابوو و تەنها داواکارییەکمان تۆمار کردبوو.

ئەم داواکارییە لە ساڵی ١٣٩٤دا لەلایەن هێڵی ئاسمانیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دوای کەمکردنەوەی گەمارۆکان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی سیاسی سەبارەت بە بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران دەرچووبوو.

مەرجی تەواوکردنی ڕێککەوتنی کۆمپانیای ئەیرباس، وەرگرتنی مۆڵەتی هەناردەکردن لە حکوومەتی ئەمریکا بوو چونکە بۆ دروستکردنی فڕۆکەکانی ئەیرباس کەڵک لە پارچەی ئەمریکایی وەرگیراوە.