ڕۆژی سێشه‌ممه ٢٦ی به‌فرانبار، فواد حوسێن وه‌زیری ده‌ره‌وی عێراق دوای هێرشی سپای پاسداران بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و ئیدعای به ئامانجگرتنی بنكه‌ی مووساد له شاری هه‌ولێر، بە سی ئێن ئێنی ڕاگه‌یاند كه سپای پاسداران ناوچه‌یه‌كی مه‌ده‌نیی كردووه‌ته ئامانج كه چه‌ندین هاووڵاتیی كورد له‌وێ ژیانیان ده‌كرد و هیچ بنكه و ناوه‌ندێکی ئیتلاعاتی مووساد له هه‌رێمی كوردستاندا نییه و لێرە كار و چالاكی ناكه‌ن.
ناوبراو ئه‌و هێرشه‌ی به ده‌ستدرێژیی و پێشێلكردنی یاسای نێوده‌وڵه‌تی ناو برد.
سپای پاسدارانی رێژیمی ئێران لە یەکەمین راگەیەنداوی خۆیدا لە دوای هێرشی مووشەکی بۆ سەر هەرێمی کوردستان، ویرای لەئەستۆگرتنی بەرپرسایەتیی هێرشەکە، رایگەیاند کە بنکەی مووسادی کردووەتە ئامانج.
لە هێرشەکەی سپای پاسداران‌دا کە بە ١١ مووشەک کرابوو، تەنیا ٥ مووشەکی بەر ماڵی سەرمایەدارێکی کورد بە ناوی پێشڕەو دزەیی کەوت کە خۆی و کچە ١١ مانگانەکەی گیانیان لەدەست دا و باقی ئەندامانی بنەماڵەکەشی بریندار بوون.