پاش تێپەڕبوونی شەش ڕۆژ لە بێسەروشوێنبوونی سێ شاخەوانی تیمی کاویانی نەغەدە، ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٧ی بەفرانبار تەرمەکانیان دۆزرانەوە.
محەممەد ڕۆیان، موحسین عەزیزی و ڕەزا کایشی، ئەو سێ شاخەوانە بوون کە ڕۆژی هەینیی ڕابردوو، لە چیای "ڕندۆڵە" کەتبوونە ژێر ڕنوو و بێسەروشوێن ببوون.
لە ماوەی شەش ڕۆژی ڕابردوودا خەڵکی ئاواییەکانی زمێ و ئاڵکاوێ وێڕای شاخەوانەکانی شنۆ و تیمی مانگی سوور دەورێکی گرینگیان لە گەڕان و دۆزینەوەی تەرمی ئەو شاخەوانانە گێڕا.
تیمەکانی شاخەوانیی شارەکانی نەغەدە، ورمێ، پیرانشار و کۆمەڵێک شاخەوانی ناسراو و شارەزا لە شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستانەوە بەشداری گەڕان و پشکنین بۆ دۆزینەوەی تەرمی ئەم سێ شاخەوانە بوون.
خەڵکی خۆبەخش و دڵسۆزی شاری شنۆ و ئاواییەکانی بە دابینکردنی خواردن و گواستنەوەی میوانەکان کە لە زۆربەی شارەکانی کوردستانەوە هاتبوون، چالاکانە بەشداریان کردبوو.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەهۆی گیانلەدەستدانی ئەم سێ شاخەوانەوە، سەرەخۆشی لە بنەماڵەکانیان و سەرجەم خەڵکی کوردستان دەکات .