کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوشکێنی ئەلبۆرزی ڕێژیمی ئێران چووەتە نێو دەریای سوورەوە

12:13 - 12 بەفرانبار 2723

ڕۆژی دووشەممە ١١ بەفرانبار، هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕێژیم ڕایانگەیاند کە ناوشکێنی ئەلبۆرزی کۆماری ئیسلامی لە ڕێگای گەرووی بابۆلمەندەبەوە چووەتە نێو دەریای سوورەوە.

ئەم ناوشکێنە لە ساڵی ١٣٩٨وە و دوای چاکسازی و دانانی سیستەمی نوێ، جارێکی دیکە چووەتە ڕیزی ناوەکانی باشووری هێزی دەریایی ئەرتەشەوە.

ڕەوانەکردنی ئەم ناوشکێنە بۆ دەریای سوور، هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی گرژییە دەریاییەکان لە ناوچەکە.

دوابەدوای هێرشەکەی ١٥ ڕەزبەر، لەلایەن حەماسەوە بۆ سەر ئیسرائیل، ناوشکێنی جیراڵد فۆرد بە مەبەستی پێشگرتن لە شەڕ لە ناوچەکە و پێشگرتن لە ئەگەری کردەوە تێکدەرانەکانی حیزبوڵڵا و میلیشیاکانی دیکەی سەر بە کۆماری ئیسلامی ڕەوانەی ناوچەکە کرا.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیل، لە دوای ئەو هێرشانە لەلایەن حەماسەوە، حوسییەکان بە پشتیوانیی ڕێژیمی ئێران، هێرشیان کردوەتە سەر لانیکەم ٢٠ کەشتی کە بە دەریای سووردا تێدەپەڕین.

سەرەڕای ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی بە بەردەوامی باس لە سەربەخۆبوونی حوسییەکان دەکات، بەڵگەکان نیشانی دەدەن کە حوسییەکان لە هێرشەکانی ئەم دواییانەی خۆیاندا، کەڵکیان لە سیستەمی هەوایی و مووشەکە کرووزەکانی دروستکراوی ئێران وەرگرتووە.