کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاکستان بە تۆڵەی هێرشەکانی ئێران، ٧ شوێنی ئێرانی بە مووشەک کردە ئامانج

11:05 - 28 بەفرانبار 2723

بەرپرسێکی ئەمنیی پاکستان ڕۆژی پێنجشەممه به هەواڵدەریی ''سی ئێن ئێن''ی ڕاگەیاند، ئەرتەشی ئەو وڵاتە بە مەبەستی تۆڵەکردنەوە، ٧ شوێنی لە خاکی ئێراندا کردووەتە ئامانج.

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز بە پشتبەستن بە بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان بڵاوی کردەوە، ئەم وڵاتە لە کاتی هێرشەکانی بۆ سەر ئێران، میلیشیاکانی کردووەتە ئامانج و ژمارەیەک تێرۆریستی کوشتوون.

 لەلایەکی دیکەوە، هەواڵدەرییەکانی ئێران سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی بەفرانبار لە زاری بەرپرسێکی باڵای پارێزگای سیستان و بەلووچستانەوە بڵاویان کردەوە کە ٧ کەسی غەیرە ئێرانی کە سێ کەسیان ژن و چوار کەسیشیان منداڵن، لە هێرشی مووشەکیی پاکستان لە نزیک شاری سەراوان کوژراون.

ئەم هێرشانە دوو ڕۆژ دوای هێرشی مووشەکی و درۆنیی سپای پاسداران بۆ سەر خاکی پاکستان، بە بیانووی کردنە ئامانجی پێگەکانی گرووپی جەیشولعەدل لەو وڵاتەدا ڕوویان دا.

حکوومەتی پاکستان لە بەیاننامەیەکدا ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی بەفرانبار، هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر خاکی وڵاتەکەی بەتوندی مەحکووم کرد و ڕایگەیاند لەم هێرشەدا دوو منداڵی بێتاوان کوژراون و سێ کەسیش برینداربوون.

پاکستان بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین، باڵوێزی خۆی لە تاران بانگ کردەوە و هەموو کۆبوونەوەکانی نێوان بەرپرسانی باڵای ئەم وڵاتە و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی هەڵوەشاندەوە.