کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی وڵاتانی عەرەب هێرشی سپای پاسداران بۆ سەر هەرێمی کوردستانی مەحکووم کرد

11:43 - 28 بەفرانبار 2723

ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی بەفرانبار، لەسەر داوای وڵاتی عێراق، یەکیەتیی وڵاتانی عەرەب بە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەیەکی بەپەلە و دەرکردنی ڕەشنووسی بڕیارنامەیەک، بەتوندی هێرشی سپای پاسدارانی بۆ سەر شاری هەولێری پێتەختی هەرێمی کوردستانیان مەحکووم کرد.

ئەم بڕیارنامەیە حەوت ماددە لەخۆ دەگرێت کە تێیدا هێرشی سپای پاسداران بە پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەریی عێراق و ئەمنییەتی خەڵکی عێراق و پێشێلکردنی یاسا و بنەماکانی دراوسێیەتی و نێودەوڵەتی وەسف کراوە .

یەکیەتیی وڵاتانی عەرەب لە بەیاننامەکەدا ڕایگەیاندووە: ئەم هێرشە، کۆماری ئیسلامی لە هەموو دەرئەنجامەکانی ئەم پێشێلکارییە بەرپرسیار دەکات و هەوڵێکی مەترسیدارە، کە دووبارەبوونەوەی ڕەنگە ببێتە هۆی تێکچوونی تەواوەتی ئارامی و ئەمنییەتی ناوچەکە .

هەروەها لەم بەیاننامەیەدا جەخت لەسەر مافی عێراق وەک ئەندامێکی دامەزرێنەری یەکیەتیی عەرەب و ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان کراوەتەوە کە دەتوانێ پەنا بۆ هەر ڕێکارێکی دیپلۆماسی و یاسایی لەم بوارەدا ببات.

شەوی دووشەممە ٢٥ی بەفرانبار، سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بە چەندین مووشەک و درۆن چەند شوێنی لە شاری هەولێر پێتەختی هەرێمی کوردستان کردە ئامانج کە لە ئاکامی ئەو هێرشەدا چەند هاووڵاتیی مەدەنی کوژران و شەش کەسی دیکەش بریندار بوون.