کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێنتکام ١٤ مووشەکی حوسییەکانمان تێکشکاند

11:54 - 28 بەفرانبار 2723

فەرماندەیی ناوەندیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (سێنتکام)، ڕایگەیاند کە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٨ی بەفرانبار، هێرشیان کردووەتە سەر ١٤ مووشەکی حوسییەکان کە بۆ هێرش ئامادە کرابوون.

سێنتکام ئەم کارەی لە چوارچێوەی هەوڵە گشتگیرەکان بۆ پاراستنی ئازادیی کەشتیوانی و ڕێگریکردن لە هێرشکردنە سەر هاتوچۆی دەریایی لە دەریای سووردا ناو بردووە و ڕایگەیاندووە کە ئەو مووشەکانەی کە تێکشکێندراون هەڕەشەیەکی نزیک بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان و کەشتییەکانی هێزی دەریایی ئەمریکا لە ناوچەکە بوون و ئەگەری هەبوو لە هەر ساتێکدا بتەقێندرێنەوە، بۆیە هێزەکانی ئەمریکا بڕیاریان دا بە کەڵکوەرگرتن لە ماف و پێبەندبوونی خۆیان بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندییە جیهانییەکان لەنێویان ببەن.

سێنتکام هەروەها ڕایگەیاندووە کە ئەم لێدانانە لەگەڵ ئەو کارانەی کە پێشتر ئەنجام دراون، توانای حوسییەکان بۆ بەردەوامبوون لە هێرشکردنە سەر کەشتییە نێودەوڵەتی و بازرگانییەکان لە دەریای سوور و گەرووی بابولمەندەب و کەنداوی عەدەن کەم دەکاتەوە.

حوسییەکانی یەمەن کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، بە مەبەستی پاڵپشتی لە حەماس لەشەڕ لەگەڵ ئیسرائیلدا، ڕایانگەیاندووە کە هەموو کەشتییە بازرگانییەکانی ئیسرائیل دەکەنە ئامانجی هێرشەکانی خۆیان.

جێگەی ئاماژەیە، لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا ئەمریکا و چەندین وڵاتی دیکە چەندین جار هۆشدارییان بە حوسییەکان و ڕێژیمی ئێران داوە کە هێرشە بەردەوامەکانی حوسییەکان بۆ سەر هێڵی کەشتیوانیی بازرگانی لە دەریای سوور دەرئەنجامی قورسی دەبێت.