کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەردۆغان هێرش بۆ سەر لایەنە کوردییەکان لە عێراق و سووریە فراوانتر دەکات

12:03 - 28 بەفرانبار 2723

ڕۆژی سێشەممە ١٦ی بەفرانبار، ئەردۆغان ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە دژی لایەنە کوردییەکان لە وڵاتانی دراوسێی عێراق و سووریە فراوانتر دەکات.

دوای چەند ڕۆژ لە هێرشکردنە سەر بنکەیەکی سەربازیی تورکیە لە عێراق کە بەهۆیەوە ٩ سەربازی تورکیە کوژران، گرژییەکان لەسەر سنووری تورکیە لەگەڵ سووریە و عێراق پەرەی گرتووە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا درۆن و فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیە چەندین شوێنیان لە سووریە و عێراق کردە ئامانجی هێرشی خۆیان.

فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیە لە ماوەی پێنج ڕۆژی ڕابردوودا بەگشتی ١١٤ خاڵیان لە سووریە و عێراق کردە ئامانج.

سەرۆککۆماری تورکیە ڕایگەیاند، جگە لە هێزە سەربازییەکان، ناوەندە ئەمنییەکانیان چەندین ئۆپەراسیۆنیان ئەنجام داوە و ٦٠ ژێرخان و دامەزراوەی دیکە لە هێرشی جیادا لەلایەن ڕێکخراوی هەواڵگریی تورکیاوە تێک شکێنراون.

ئەردۆغان لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە لە گوشارەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناترسێت و  لە چەند مانگی داهاتوودا بەبێ گوێدان بەوەی کێ چی دەڵێت، چ هەڕەشەیەک دەکات و چ پلانێکی هەیە، بە دڵنیاییەوە هەنگاوی نوێ هەڵدەگرێت.