کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژێمێک کە جیا لە هاشاوڵی دەورووبەر هیچی بۆ نەمابێتەوە!

12:38 - 28 بەفرانبار 2723

سمایل شەرەفی

    سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممەی ڕابردوو لە سێ سەکۆی مووشەک‌هاوێژی جیاوازەوە هێرشی مۆشەکی و درۆنیی کردە سەر سێ وڵاتی دراوسیی خۆی و ناوچە کە بریتین لە؛ عێراق (هەرێمی باشووری کوردستان)، سووریە و پاکستان. سپای پاسداران کە ئەم هێرشانەی بە تۆڵەکردنەوە لە تەقینەوەکانی کرمان، هیڕش بۆ سەر پایگاکانی لە ڕاسکی سیستان و بەلوچستان و کوژرانی چەند مۆرەیەکی لە سوریە پاساو دایەوە، ڕایگەیاند کە ئەم هێرشانە بە دەستوور و فەرمانی ڕاستەوخۆی، عەلی خامنەیی بەڕێوە چوون.

ئەوەی کە ئیدیعاکانی سپای پاسداران و بەرپرسانی ڕێژیم بۆ پاساوهێنانەوەی ئەم هێرشە مووشەکییانە چەندە ڕاست و نزیک لە واقعیەتن، لانیکەم بەنیسبەت هەرێمی کوردستان و بوونی شوێنی سیخوڕی و پیلانگێڕی دژ بە ئێران لە هەولێر، جیا لە درۆ و بوختان شتێکی دیکە نیە. بەڵام ئەوەی ئامانجی ئەم وتارەیە خوێندنەوە بۆ دیوێکی دیکەی ئەم هەوڵە تێرۆریستیانەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە کە دەکرێ لە دوو ئاستی دەرەکی و نێوخۆییدا قسەی لەسەر بکرێ.

لە دوای شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس کە کۆماری ئیسلامی لەوانەیە بیری لەو ئاستە لە دژکردەوەی دەوڵەتی ناتانیاهۆ بەرانبەر بە هێرشی ١٥ی ئۆکتۆبری حەماس بۆسەر خەڵکی سڤیلی ئیسرائیل نەدەکردەوە، ڕەوتی ڕووداوەکان بە قازانجی کۆماری ئیسلامی نەچوونە پێشێ. سەرمایەگوزاریی چەندین ساڵەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر حەماس و پرسی غەززە کە بە درۆ بە ناوی "پشتیوانی لە قەزییەی فەلەستین"، سەروەت و سامانی خەڵکی ئێرانیان تێدا خەرج دەکرد، بە خۆتەبرەئەکردن لە کردەوەکانی حەماس، مایەبۆچ دەرچوو؛ غەززە بە زیاتر لە ٢٠هەزار کوژراو، دەیان هەزار بریندار و سەدان هەزار ئاوارەوە، بوو بە وێرانەیەکی تەواو.

لە درێژەی ئەم شەڕ و ئالۆزیانەدا کە کۆماری ئیسلامی لە ڕێگای گرووپە نیابەتییەکانەوە لەهەوڵی بەرفراوانکردنی شەڕەکەدا بوو، هەنگاو بە هەنگاو؛ لە سووریە و عێراق بە کوژرانی دەیان کەس لە پلەدارەکانی سپای پاسداران و تێداچوونی چەند کەسێک لە سەرکردەکانی لایەنە شێعەکان و لە یەمەن بە هێرشی ئاسمانیی ئەرتەشی ئەمریکا و هاوپەیمانەکان بۆ سەر حووسییەکان، بەکردەوە ئاچمەز کرا. لە لایەکی دیکەوە رووسیە کە بە هاوپەیمانی ئیستراتێژی ئێران دەناسرێ، لە مەسەلەی سێ دوڕگەی کەنداودا کە ئێران ئیدیعای خاوەندارێتیان دەکات، دانی بە خوێندنەوەی وڵاتانی عەرەبی‌دا نا و نەک هەر پشتی کۆماری ئیسلامیی چۆڵ کرد، بەڵکوو چووکەترین وڵامدانەوەی بە هات و هاواری بەرپرسانی ڕێژیم نەبوو.

کۆماری ئیسلامیی ئێران کە پێی وابوو "گەردەلوولی ئەقسا" کۆتایی بە پرۆسەی ئاساییکردنەوەی وڵاتانی عەرەبی، بەتایبەت عەرەبستان لەگەڵ ئیسرائیل دەهێنێ و بەگرتنەپێشی ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکانی لەگەڵ ڕیاز دەتوانێ خۆی بە شەریکی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ناوچەکە بزانێ و لەم ڕێگایەوە قورسایی گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ئوروپایی لەسەر خۆی کەم بکاتەوە، ئەم پلانەشی لێ بوویە بڵقی سەر ئاو. لە بەشداریکردنیدا بۆ کۆبوونەوەی هاوکاریی وڵاتانی ئیسلامی لە ڕیاز کە تایبەت بە ئاڵۆزییەکانی ئیسرائیل و حەماس بوو، ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆکۆماری ئێران کە پێی وابوو دەبێ بۆچون و هەڵوێستەکانی کۆماری ئیسلامی ببنە هەوێنی بڕیارنامەی کۆتایی کۆبوونەوە، بەڵام بڕیارنامەکە بەبێ ئەوەی چووکەترین سەرنجی جەنابیان و ڕێژیمەکەی تێدا بێت، باسی لە کۆتایی شەڕ و چارەسەری کێشەکان لە ڕێگای ئاشتیخوازانەوە کرد.

لە ئاستی نێوخۆییدا بەرەی خەڵک دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ لە پەرەئەستاندن و خۆڕێکخستن بۆ خۆدەرخستنی جیدی لە هەر دەرفەتێکی گونجاو دایە. کۆماری ئیسلامیش لە تەواویەتی خۆیدا داماڵدراو لە مەشرووعیەتی سیاسی و بەڕێوەبەریی، نەتەنیا توانای کەمکردنەوەی کەلێنی نێوان خۆی و خەڵکی نییە، بەڵکوو بەپێچەوانەی هەموو ئەو ئیدیعایانەی لەسەر پاراستنی ئەمنیەتی نێوخۆی وڵات و دوورخستنەوەی شەڕ بۆ ئەو دیو سنوورەکانی ئێرانی دەکرد، لە قەزیەی تەقینەوەکانی کرمان‌دا دەکەوت، کە لەو بەستێنەش‌دا چەندە بێ‌دەسەڵات و لاوازە.

ڕێژیمێک کە پێگەی لەنێو خەڵکی وڵاتەکەیدا ئەوەندە لاواز و بێ‌ئایەندە بێت و بە پێچەوانەی ئیدیعای سەردارە کارتۆنییەکانی لە قۆڵایی خاکەکەیدا تەقینەوەی وەک ئەوانەی کرمان بکرێت و بکەرانی بتوانن بە ئاسانی سنووەکان ببڕن و پێشتریش بە تۆن زانیاری لە ناوەندە ئەتۆمییەکانیەوە چوبێتە دەرەوە و لە ئاستی ناوچەکە و سیاسەتی "صدور انقلاب"ەکەیدا  ئاوا مایەپۆچ دەرچووبێ و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا پێناسەی شەڕئەنگێزانەی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی جیهانی وەرگرتبێ، جیا لە هاشاوڵ و پەلاماردانی ئەم و ئەو چ ڕێگایەکی بۆ دەمێنێتەوە؟!

کۆماری ئیسلامیی ئێران کە وەزیری دەرەوەی لە کۆبوونەوەکانی دوێنێی داڤۆس‌دا ئەم هێرشە تێرۆریستیانەی بە پاراستنی خەڵکی وڵات! لە قەڵەم دەدا، بەشێک لە ئامانجەکانی لەم کردەوانە، خۆدەربازکردن لە ترسی سەرهەڵدانی خەڵک دژبە خۆی و بۆ شاردنەوەی بێ‌توانایی خۆی بەرانبەر بە ئیرادەی مافخوازانەی خەڵکە. خەڵکێک کە بە هۆی ئەم ڕێژیمەوە وڵاتەکەی لێ‌بۆتە زیندانێکی گەورە و تیایدا بەهەژاری و بێ‌ئازادی دەژی، بەڵام بڕیار و هەڵوێستی بۆ تێپەڕین لەم نیزامە جیدی و لێبڕاوانەیە.

 هێرشی مووشەکیی سپای پاسداران بۆ سەر خاکی وڵاتانی دەورووبەر، لەوانەیە بۆ ماوەیەکی کورتخایەن، وریەک وەبەر لایەنگرانی ڕێژیم و بەتایبەت هێزە سەرکوتکەرە ئەمنیەتییەکانی بێنێ و پێیان وابێ و وەک دەڵێن؛ "هێزی مووشەکیی ناوچەکە"ن، بەڵام وەک هەموو کەسێکی ئاگادار لە پێگەی ئەم ڕێژیمە لە دەرەوە و ناوەوەی وڵات، زۆر ناخایەنێ ئەوانیش بۆیان دەردەکەوێ و دەیبینن کە ئەم پەلامار و هاشاوڵ‌بردنانە لە ترس و پێگەی نەبوویەتی.