کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەگەری پەرەسەندنی شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان زۆرتر بووەتەوە

20:44 - 28 بەفرانبار 2723

ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ بەفرانبار، سەرۆکی ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئەگەری ڕوودانی شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان لە چەند مانگی داهاتوودا زۆر بووەتەوە.

هێرتسی هالێوی، لە دوای هێرشی مووشەکی بۆ سەر یەکێک لە شارەکانی باکووری ئیسرائیل لەلایەن گرووپی حەماسەوە، جەختی لەوە کردەوە کە ئیسرائیل بۆ ئەوەی گرووپی تێرۆریستیی حیزبوڵڵا و هێزەکانی دیکە کە هەڕەشە لە ئیسرائیل دەکەن لە سنوورەکانی دوور بخاتەوە، لە لوبناندا کەڵک لەو وانانە وەردەگرێت کە لە شەڕی غەززەدا فێری بووە.

ناوبراو ڕایگەیاند، ئیسرائیل هەوڵ دەدات سنوورەکانی باکووری وڵاتەکەی سەقامگیر بکات و ڕێگە بە دەیان هەزار ئیسرائیلی بۆ گەڕانەوە بۆ ماڵ و ژیانی خۆیان بدات کە بەهۆی هێرشەکانی حەماسەوە ئاوارە بوون.

حیزبوڵڵای لوبنان وڵامی سەرۆکی گشتیی ئەرتەشی ئیسرائیلی دایەوە و ڕایگەیاند، هەر شەڕێک لە نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵادا ڕوو بدات، زیان بە ئیسرائیل دەگات.

ئانتۆنی بلینکێن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە دوای هێرشی حەماس لە ٧ ئۆکتۆبەرەوە لانیکەم چوار جار سەفەری بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کردووە و لە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی واشنگتۆن بۆ ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندنی گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست بەردەوامە.