کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرووپێکی سایبێریی سەر بە ڕێژیم دەیان ڕێکخراوی ئیسرائیلی هاک کردووە

12:16 - 12 بەفرانبار 2723

گرووپی "سایبێر تووفان" کە خۆی وەک گرووپێکی دژە ئیسرائیلی ناساندووە، باسی لە هاککردنی دەیان ڕێکخراو و دامەزراوەی ئیسرائیلیی کردووە.

ئەم گرووپە لە هەوڵێکی سایبێرییدا کە لە چەند مانگی ڕابردوودا دەستی پێکردبوو، زانیارییە هاککراوەکانی بەرەبەرە لە کاناڵی تێلێگرامیی خۆیدا بڵاو کردووەتەوە.

گرووپی سایبێر تووفان ڕایگەیاندووە کە توانیویەتی نزیک بە ٦٠ ماڵپەڕ و دامەزراوەی ئیسرائیلی هاک بکات.

توێژەرانی ئەمنییەتی سایبێریی پشتڕاستیان کردووەتەوە کە لە زۆربەی نموونەکاندا، ئەو زانیارییە بڵاوکراوانە ڕاست دەرچوون.

لەنێو لیستەی ماڵپەڕە هاککراوەکان چەند کۆمپانی وەک "ئیسپەیس ئیکس"، "تویتا" و "ئیکیا" کە لەگەڵ ئیسرائیلدا بازرگانی دەکەن، دەبینرێت.

کارناسێکی سەربەخۆی ئەمنییەتی سایبێریی شێوەی ڕێکخستن و هێرشەکانی ئەم گرووپەی لە بەرامبەر گرووپە هاوشێوەکانی کە پشتیوانی لە فەلەستین دەکەن، بە بەهێزتر زانی.

گرووپی سایبێر تووفان سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانە.

لە چەند مانگی ڕابڕدوودا و پاش دەسپێکی شەڕی ئیسرائیل و حەماس، هێرشە سایبێرییەکان لەلایەن گرووپەکانی سەر بە سپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە بۆ سەر ڕێکخراوە ئیسرائیلییەکان چڕتر بووەتەوە.

پێشتر بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل سەبارەت بەم هێرشانە هەڕەشەی توندیان لە ڕێژیمی ئێران کردووە و ڕایانگەیاندووە کە لە داهاتوودا دەبێ باجی ئەو هێرشانە بدەن.