کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەرمی سێ شاخەوانەکەی نەغەدە لەنێو ئاپۆرای خەڵکی کوردستاندا بە خاک ئەسپێردران

20:59 - 28 بەفرانبار 2723

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٢٨ی بەفرانبار، تەرمی هەر سێ شاخەوانەکەی تیمی کاویانی نەغەدە، کە بەهۆی کەوتنە ژێر ڕنووی بەفر لە شاخی ڕندۆڵە، گیانیان لەدەست دا، لە داوێنی کێوی سوڵتان بەیاقووبی ئەم شارە و لەنێو ئاپۆرای خەڵکی کوردستاندا بە خاکی نیشتمان ئەسپێردران.

ڕۆژی چوارشەممە، ٢٧ی بەفرانبار، تەرمی سێ ساخەوانی تیمی کاویانی نەغەدە پاش تێپەڕبوونی شەش ڕۆژ لە بێسەروشوێنبوونی دۆزرانەوە.

محەممەد ڕۆیان، موحسین عەزیزی و ڕەزا کایشی، ئەو سێ شاخەوانە بوون کە ڕۆژی هەینیی ڕابردوو، لە چیای "ڕندۆڵە" کەتبوونە ژێر ڕنوو و بێسەروشوێن ببوون.

لە ماوەی شەش ڕۆژی ڕابردوودا خەڵکی ئاواییەکانی زمێ و ئاڵکاوێ وێڕای شاخەوانەکانی شنۆ و تیمی مانگی سوور دەورێکی گرینگیان لە گەڕان و دۆزینەوەی تەرمی ئەو شاخەوانانە گێڕا.

تیمەکانی شاخەوانیی شارەکانی نەغەدە، ورمێ، پیرانشار و کۆمەڵێک شاخەوانی ناسراو و شارەزا لە شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستانەوە بەشداری گەڕان و پشکنین بۆ دۆزینەوەی تەرمی ئەم سێ شاخەوانە بوون.

خەڵکی خۆبەخش و دڵسۆزی شاری شنۆ و ئاواییەکانی بە دابینکردنی خواردن و گواستنەوەی میوانەکان کە لە زۆربەی شارەکانی کوردستانەوە هاتبوون، چالاکانە بەشداریان کردبوو.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەهۆی گیانلەدەستدانی ئەم سێ شاخەوانەوە، سەرەخۆشی لە بنەماڵەکانیان و سەرجەم خەڵکی کوردستان دەکات .