کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکراتی ئێران: ڕێژیم بە هێرش بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ قەرەبووی شکستەکانی دەکاتەوە

17:49 - 29 بەفرانبار 2723

ڕۆژی چوارشەممە، ٢٧ی بەفرانبار، حیزبی دێموکراتی ئێران بە بڵاوکردنەەوەی ڕاگەیەندراوێک، هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەرێمی کوردستانی مەحکووم کرد.

حیزبی دێموکراتی ئێران ئاماژەی بە هێرشی مووشەکیی سپای پاسداران کردووە کە کوژرانی ژینایەکی دیکەی بەدواوە بوو و هۆکاری ئەم هێرشەی بۆ شکستە یەک لە دوای یەکەکانی ڕێژیم لە ناوچە زانیوە کە بە فەرمانی ڕێبەری سەرەڕۆی ڕێژیم و هێزی سەرکوتکەری سپای پاسداران ئەنجام دراوە.

لە بەشێک لەم ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: هێرشی مووشەکی بۆ سەر بنەماڵەیەک کە باوکەکەیان بازرگانە و هاوسەر و منداڵە یەک ساڵانەکەی هاووڵاتیی سڤیل بوون، نیشاندەری ئەم ڕاستییەیە کە ئەم کردەوە دژەمرۆڤانە و هێرش بۆ سەر هاووڵاتییانی مەدەنی بەشێکی جیانەکراو لە فەرهەنگی کۆماری ئیسلامییە.

لە بەشێکی دیکەدا ئاماژەی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم لە کوڕان و کچانی خۆپیشاندەر و هەروەها هێرشی نیزامی بۆ سەر فڕۆکەی مەسافیربەری و کەشتییە بازرگانییەکان و ئوتووبووسی خوێندکاران و خەڵک کردووە و نووسیویەتی: ڕێژیم هێرشی مووشەکی دەکاتە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەی حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکان و ژن و منداڵیان لێ دەکوژێ کە نموونەی لەم جۆرە تەنیا لە میلیشیاکانی وەک حەشدی شەعبی لە عێراقدا دەبینرێ کە خەریکی مرۆڤ کوشتنن.

حیزبی دێموکراتی ئێران لە درێژەدا باسی لەوە کردووە کە کۆماری ئیسلامی لە شەڕی حەماس لە غەززە و بەگشتی لە سیاسەتەکانی لە ئاستی نێونەتەوەییدا تووشی شکست بووە و لە نێوخۆش لەگەڵ قەیرانێک بە ناوی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بەرەوڕوو بووەتەوە و لەهەوڵدایە ئەم قەیرانە بە کردەوەی نیزامی دژی وڵاتانی دراوسێی وەک عێراق و سووریە داپۆشێت. زۆر ناخایەنێ کە کۆماری ئیسلامی لە بەرانبەر ئیرادەی خەڵکی ئێران تووشی داڕمان دەبێت تاکوو خەڵکی بێتاوان لە جیهان، لە هێرشی قاسم سلێمانییەکان و سەید ڕەزییەکان و دەیان مۆرەی دیکەی ڕێژیم ڕزگار بن.

لە کۆتایی ئەم ڕاگەیاندراوەدا هاتووە: حیزبی دێموکراتی ئێران وێڕای مەحکوومکردنی هێرشی نیزامیی دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ سەر سەرەوەریی وڵاتی عێراق و ئەنجامدانی تاوانی دژەمرۆیی، هاوخەمیی خۆی لەگەڵ سەرۆککۆماری عێراق، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و هەموو خەڵکی ئەم وڵاتە دەردەبڕێت.