![](/content/upload/1/news/695691_w920.jpg)
ناوەندی چوارباخ و پڕۆژەی قەفتان لە شاری سلێمانی کۆڕێکی ڕێزلێنان لە شاعیر، زمانزان و مامۆستای بناغەدانەری کۆرسەکانی فێربوونی زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، مامۆستا شەریف حوسێنپەناهی بەڕێوە برد.
لەو کۆڕەدا کە ڕۆژی پێنجشەمە، ٢٨ی بەفرانبار و بە بەشداریی کۆمەڵێک کەسایەتیی سیاسی، ئەدەبی و ئاکادیمیی چوارپارچەی کوردستان و بەئامادەبوونی کۆمەڵێک کەسایەتیی سیاسی و نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوە چوو، چاپی نوێی و دیوانی "ملوانکەی شین (کۆی شیعرەکان)"ی مامۆستا شەریف ڕوونوێنی و بەسەر ئامادەبوواندا دابەش کرا.
لە سەرەتای کۆڕیادەکەدا جەواد حەیدەری، نووسەر و وەرگێڕ وەک پێشکەشکاری کۆڕەکە ژیاننامەیەکی کورتی مامۆستا شەریفی خوێندەوە، دواتر هەڤاڵ ئەبووبەکر، پارێزگاری پارێزگای سلێمانی باسێکی لەسەر کەسایەتیی مامۆستا شەریف، پەیوەندیی فەرهەنگیی نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەتایبەت سنە و سلێمانی، و هەورەها کاریگەریی مامۆستا شەریف لەسەر ئەو پەیوەندییانە پێشکەش کرد.
خوێندنەوەی پەیامی هاوبەشی ناوەندی چوارباخ و پڕۆژەی قەفتان لەلایەن عەبدوڵڵا ڕەسووڵی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ناوەندی چوارباخ و پەیامی ناوەندی نووسەرانی کوردستان لەلایەن جەلیل عەباسی دوو بڕگەی دواتری ئەو ڕێوڕەسمە بوون. لە بڕگەیەکی دیکەی کۆڕەکەشدا ساڵح بێچار و بەندی عەلی، دوو کەسایەتیی ئەدەبیی کوردستان لەسەر کەسایەتیی مامۆستا شەریف و پێگەی بەرزی ئەدەبی بەڕێزیان بۆ بەشداران دوان.
لەو ڕێوڕەسمەدا خەڵاتی ناوەندی چوارباخ و پڕۆژەی قەفتان بە بۆنەی ئاگادارکردنەوەی بنەماڵەی مامۆستا شەریف لە باشیی تەندروستیی بەڕێزیان، لەلایەن ستران عەبدوڵڵا پێشکەش بە قوباد کەریمی کرا و دواتر خەڵاتێکی تری ئەو دوو ڕیکخراوەیە لەلایەن د. شێرکۆ عەبدوڵڵا، سکرتێری یەکیەتیی نووسەرانی کورد- سلێمانی بە بۆنەی هەوڵی چارەسەرکردنی تەندروستیی مامۆستا شەریف پێشکەش بە د. زامدار حەمەڕەسووڵ کرا.
لە برگەیەکی دیکەی کۆڕەکەدا، خەڵاتی تایبەتی ناوەندی چوارباخ و پڕۆژەی قەفتان پێشکەش بە بنەماڵەی مامۆستا شەریف کرا کە "گۆران"ی کوڕی مامۆستا شەریف بە نوێنەرایەتیی بنەماڵەکەیان خەڵاتەکەی وەرگرت.
لە دوا بڕگەی کۆڕەکەشدا دیوانەکەی مامۆستا شەریف حوسێنپەناهی بەسەر ئامادەبوواندا دابەش کرا.