کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی زاهێدان دژی ڕێژیمی ئێران و پاکستان ڕێپێوانیان کرد

17:40 - 30 بەفرانبار 2723

خەڵکی زاهێدان لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانیاندا، ڕۆژی هەینی بە وتنەوەی دروشم لە دژی ڕێژیمی ئێران و پاکستان، ڕێپێوانیان کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی ''حاڵ‌وەش''، ڕۆژی هەینی ٢٩ بەفرانبار،  خەڵکی زاهێدان لە دوای نوێژی هەینی و لەحاڵێکدا کە کەشێکی ئەمنییەتی بەسەر شارەکەدا زاڵ بوو، ڕێپێوانیان کرد.

هێزەکانی ڕێژیم لە بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینییەوە لە دەوروبەری مزگەوتی مەکی و شەقامەکانی دەوروبەری جێگیر ببوون و پشکنینی خەڵکیان دەکرد.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانە، هاووڵاتییانی بەلووچ لە شاری زاهێدان دوای نوێژی هەینی و بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بەرانبەر بە هێرشە مووشەکییەکانی پاکستان و ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی بەلووچستان دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران و پاکستان دروشمیان دا و ناڕەزایەتییان دەربڕی.

ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی بەفرانبار، میدیاکانی سەر بە سپای پاسداران ڕایانگەیاند کە کۆماری ئیسلامی لە هێرشێکدا بە مووشەک و دڕۆن پێگەکانی گرووپی جەیشولعەدلی لە پاکستانی کردووەتە ئامانج.

حکوومەتی پاکستان لە بەیاننامە نوێیەکەیدا بەتوندی هێرشەکەی ڕێژیمی ئێرانی مەحکووم کرد و ڕایگەیاند کە دوو منداڵی بێتاوان لەم هێرشەدا کوژراون و سێ کچیش بریندار بوون.

بەرپرسێکی ئەمنیی پاکستان ڕۆژی پێنجشەممه به هەواڵدەریی ''سی ئێن ئێن''ی ڕاگەیاند، ئەرتەشی ئەو وڵاتە بە مەبەستی تۆڵەکردنەوە، ٧ شوێنی لە خاکی ئێراندا کردووەتە ئامانج.