کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژووری بازرگانیی هەرێم داوای بایکۆتی کاڵای ئێرانی دەکات

17:45 - 30 بەفرانبار 2723

وتەبێژی یەکیەتیی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە دژی هێرشە مووشەکییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان، داوامان لە بازرگانان کردووە بایکۆتی کاڵای ئێرانی بکەن.

ڕۆژی شەممە، ٣٠ی بەفرانبار، کاروان سوورچی، وتەبێژی یەکیەتیی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند کە بە دەرکردنی بەیاننامەیەک داوایان لە بازرگانان کردووە کە کاڵای ئێرانی هەڵپەسێرن.

ناوبراو بە ئاماژە بە پێشکەوتنی بەرچاوی شاری هەولێر، باسی لە هاوکاری و هاواهەنگیی بازرگانەکان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە و هۆکاری هێرش بۆ سەر ماڵی پێشڕەو دزەیی، یەکێک لە بازرگانەکانی هەولێری بۆ وەستاندنی پێشکەوتنەکانی ئەم شارە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە گەڕاندووەتەوە.

کاروان سوورچی لەمبارەوە وتی: ئێمە داوامان کردووە کە بازرگانان کاڵاکان هەڵپەسێرن و هەوڵ بدەن وەکوو کارتێک لەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێران بەکاری بهێنن بۆ ئەوەی ئێران بەخۆیدا بچێتەوە و ئەو دەستدرێژییانەی بۆسەر هەرێمی کوردستان ڕاگرێت.

کاتژمێر ١١ و ٣٠ خولەکی شەوی دووشەممە، ٢٥ی بەفرانبار، سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، بە پاساوی هەبوونی بنکەیەکی ئیسرائیلی لە هەولێر بە چەند مووشەکێکی بالیستی ماڵی هاووڵاتیی پێشڕەو دزەیی، کە گەورە بازرگانێکی هەرێمی کوردستانە کردە ئامانج و بەهۆیەوە چوار هاووڵاتیی شەهیدبوون و شەش هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون کە دواتر ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تۆمەتەکەی ڕەت کردەوە.